سەرەڕای تێپەڕینی دوو حەوتو بەسەر گیرانی دوو هاووڵاتیی کورد لە شاری کامێران، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە و نیگەرانییەکان لەبارەی دۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنیان زیاتر بووە.
ڕامین محەممەدی، تەمەن ٣٢ ساڵ و محەممەد دەشتی، تەمەن ٣٣ ساڵ، کە هەردووکیان خەڵکی گوندی «ئەڵک»ی سەر بە شاری کامێرانن، ١٤ ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی سپای ترۆریستی پاسداران گیراون.
جێگای ئاماژەیە، ئەو دوو هاووڵاتییە خزمی نزیکی پەژمان فاتیحی، بەندکراوی سیاسیی کوردن کە دوو ساڵ لەمەوبەر لە زیندانی قزلحیسار لەسێدارە درا.
بەپێی زانیارییەکان، ناوەندە سەرکوتکرەکانی ڕژیمی ئێران تۆمەتی «پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان»یان خستووەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە. هاوکات، سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، وێڕای بێڕێزیکردن بە خانەوادەی ئەو دوو گیراوە، هەڕەشەیان لێ کردوون و تا ئێستاش وەڵامێکی ڕوونیان دەربارەی چارەنووسی ڕۆڵەکانیان پێنەداون."