دوای تێپەڕینی ١٢ ڕۆژ بەسەر گیرانی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "محەممەد ڕەشیدزادە"، سەرەڕای بەدواداچوونە بەردەوامەکانی خانەوادەکەی، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی مانەوەی ناوبراو لەبەردەستدا نییە و دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕژیمی ئێران وەڵام بە کەسوکارەکەی نادەنەوە.
بەپێی سەرچاوەکان، محەممەد ڕەشیدزادە، هاوڕێ لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "مستەفا قەوسی"، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەزەڵوەر، لەسەر ڕێگای پیرانشار – مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی ئێران گیراون .زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە دوای گیرانیان، هەردوو هاووڵاتییەکە بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ گوازرانەوە، بەڵام لەو کاتەوە پەیوەندییان لەگەل دەرەوەی زیندان پچڕاوە.هیشتا، هیچ ڕوونكردنەوەیەک لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە نەدراوە و هۆی گیران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە ، نادیارن.نادیاربوونی چارەنووسی ئەم چالاکە مەدەنییانە و بێبەشکردنیان لە مافی پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەر و خانەوادە، بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانیی جددی لەسەر دۆخی تەندروستی و سەلامەتییان لەژێر لێپرسینەوەکاندا.