لە کاتێکدا فڕۆکە پێشکەوتووەکانی ئیسرائیل سنوورە ئاسمانییەکانی عێراق و ئێران دەبەزێنن، ڕژیمی ئێران بە فڕۆکە کۆنەکانییەوە لە ئاسمانی خۆیدا نمایش دەکات.بەگوێرەی زانیارییەکان، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە جۆری (ئێف ٣٥) و (ئێف ١٥)، بە قوڵایی ئاسمانی عێراقدا تێپەڕیون و تا نزیک سنوورەکانی ئێران ڕۆیشتوون. دەنگی شکاندنی دیواری دەنگی لەلایەن ئەو فڕۆکانەوە ئەوەندە بەهێز بووە، تەنانەت دانیشتوانی شاری عیمارەی عێراقیش گوێبیستی بوون.ئەم ئۆپەراسیۆنە بە پشتیوانییەکی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا ئەنجام دراوە، بەجۆرێک دوو فڕۆکەی سووتەمەنیی ئەمەریکی لە قەتەرەوە هەڵساون بۆ ئەوەی لە ئاسماندا سووتەمەنی بە فڕۆکە ئیسرائیلییەکان بدەن.سەرچاوە سەربازییەکان دەڵێن: ئیسرائیل ویستوویەتی توانای ڕادارە نوێیە چینی و ڕووسییەکانی ئێران تاقی بکاتەوە. ئەوەی جێگای سەرنجە، فڕۆکە ئیسرائیلییەکان بەبێ هیچ وەڵامێکی بەرگریی ئاسمانیی ڕژیمی ئێران گەڕاونەتەوە، و لە بەرامبەردا ڕژیمی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە تەنها چەند فڕۆکەیەکی کۆنی لە ئاسمانی تاراندا بە نزمفڕی جوڵاندووە، کە وەک پەیامێکی لاواز لێک دەدرێتەوە."