هێرشی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر
لە هەواڵێکی بەپەلەدا، سەرچاوە ناوخۆییەکان لە هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ کرایە ئامانجی هێرشێ درۆنی.بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێرشەکە لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوی خۆکوژەوە و موشک ئەنجام دراوە. بەهۆی ئەم هێرشەوە، پرۆسەی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکەدا بەتەواوی ڕاگیراوە و تیمە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی سەلامەتیی گیانی کارمەندان، سەرجەم ستافی کێڵگەکەیان بۆ پەناگەکان گواستووەتەوە.لە کاردانەوەی ئەم دۆخە مەترسیدارەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هاتە دەنگ و ڕایگەیاند: "داوا لە هاوبەشە ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکانمان دەکەم کەرەستەی بەرگریی پێویست دابین بکەن بۆ پاراستنی ژێرخانی مەدەنیمان".سەرۆکوەزیران هەروەها داواشی کرد کە هاوپەیمانان پشتیوانی هەرێم بن لە گرتنەبەری رێکاری جددی بۆ رێگریکردن لەم هێرشانە بۆ سەر خەڵک و دەستکەوتەکانی کوردستان.وەک دەزانرێت، کێڵگەی کۆرمۆر شادەماری بەرهەمهێنانی وزەیە لە هەرێم و سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی سووتەمەنییە بۆ وێستگەکانی کارەبا، بۆیە ڕاگرتنی چالاکییەکانی کاریگەریی راستەوخۆی دەبێت.تا ئەم ساتە، هیچ ئامارێک دەربارەی زیانی گیانی بڵاو نەکراوەتەوە و لایەنە ئەمنییەکانیش هێشتا ناسنامەی ئەنجامدەرانی هێرشەکەیان ئاشکرا نەکردووە.