بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا: ڕووسیا ویستێکی نییە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە برۆکسل وتی کە مۆسکۆ هیچ ویستێکی نییە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. ناوبراو هۆشداریدا کە لە ڕەوتی ئێستای دانوستانەکانی ئاشتیدا، هەموو فشارەکان دەخرێنە سەر ئۆکراین وەک «قوربانی»، لە کاتێکدا داوا لە ڕووسیا نەکراوە هیچ سازشێک بکات.
کالاس ڕۆژی دووشەممە ١٠ی ئازەر لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە متمانە بە ئەمریکا و ڕۆڵی ئەورووپا لە دانوستانەکانی ئاشتیدا وتی کە ڕووسیا هێشتا «ڕوویەکی هێرشبەرانەی» هەیە و وا دەزانێت ڕۆژئاوا ماندوو دەبێت.هەروەها وتیشی: «نیگەرانین لەوەی بۆ کۆتاییهێنانی خێرا بە جەنگەکە، فشارەکان بخرێنە سەر لایەنی لاواز چونکە ئاسانترە، بەڵام هیچ کەسێک فشار ناخاتە سەر لایەنی دەستدرێژیکەر. ئێمە نازانین ئایا داوایان لێ کراوە سازش بکەن یان نا.»