ڕفاندنی هاووڵاتییەکی کورد لە ورمێ
"ئەمڕۆ ٢٠ ڕۆژ بەسەر دیارنەمانی هاووڵاتییەکی کوردی شاری ورمێ تێدەپەڕێت، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی ئێران ڕفێندراوە و تا ئێستا چارەنووسی لە ژوورە تاریکەکانی ئیتلاعاتدا نادیارە.بەپێی زانیارییەکان، فەرزاد گەلەبان، ناسراو بە (نەجمەدین)، خەڵکی ناوچەی تەرگەڤەر و دانیشتووی گوندی (وەلەندەی خواروو)، ماوەی سێ حەوتویە کەوتووەتە بەر شاڵاوی هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعات. بەکرێگیراوانی ئەو دەزگایە، ڕۆژی ٢٢ی خەزەڵوەر، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و بە هەڵکوتانە سەر، چوونەتە ناو ماڵەکەی، پشکنینێکی وردیان ئەنجام داوە و دەستیان بەسەر کەرەستە تایبەتییەکانیدا گرتووە، لەوانە مۆبایل و لاپتۆپەکەی.ئەوەی جێگای نیگەرانییە، خانەوداەی فەرزاد لەم ماوەیەدا چەندین جار ڕوویان لە ئیدارەی ئیتلاعات و دادگای بەناو شۆڕشی ورمێ کردووە، بەڵام بەرپرسانی ڕژێم نەک هەر وەڵامیان نەداونەتەوە، بەڵکو بە شێوازێکی نامرۆڤانە خۆیان لە وەرگرتنی سکاڵاکانیان دزیوەتەوە.ناوبراو لە سەرەتاییترین مافەکانی وەک زیندانییەک بێبەش کراوە؛ نە ڕێگەی پێ دراوە پارێزەر بگرێت و نە ڕێگەی پێ دراوە پەیوەندی بە کەسوکارەکەیەوە بکات، ئەمەش گومانی شکەنجەدان و فشاری دەروونی لەسەر ئەو هاووڵاتییە کوردە زۆرتر کردووە. تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەسەر هۆی گیرانی و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاوڵاتیە نەدراوە و دۆسیەکەی لە تەمی نادیاریدا هێڵدراوەتەوە."