پێکدادان لە سنووری ئەفغانستان و پاکستان دەستیپێکردەوە
بەرەبەیانی رۆژی شەممە شەڕ لە سنووری پاکستان و ئەفغانستان دەستیپێکردەوە، لە کاتێکدا هەردوولا یەکدی بە دەستپێکردنی هێرشی "بێ پاساو" تۆمەتبار دەکەن. چوار کەس لە ئەفغانستان کوژران. رۆژی شەممە 06-12-2025 زەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان لە ئێکس رایگەیاند، "بەداخەوە، لایەنی پاکستانی هێرشی کردە سەر ئەفغانستان لە سنووری پارێزگای قەندەهار و شاری سپین بوڵداک. هێزەکانی تالیبان ناچار بوون وەڵام بدەنەوە."دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان دەڵێن، چوار کەسی سڤیل کوژراون. بەگوێرەی ئەفغانستان، ئەوانەی کوژراون، خەڵکی سپین بوڵداکی باشووری رۆژهەڵاتی ئەفغانستان بوون، کە هاوسنووری پاکستانە.