هاونیشتمانیانی بەڕێز!
هاونیشتمانیانی بەڕێز!
دوکتورو کادری تێکۆشەری نەخۆشخانەکان!
وەک ئاشکرایە نەخۆشی کۆڕۆنا لە کوردستان و سەرانسەری ئێران بڵاوبۆتەوە، جێگەی داخە بە هۆی بڵاوبونەوەی ئەو نەخۆشیە، سەدان کەس لە ئێران و کوردستان کۆچی دواییان کردوەو هەزاران کەسی دیکە نەخۆش کەوتوون، کە ژمارەێک لە نەخۆشەکان ژیانیان لە مەترسیدایە. لەم هەلومەرجە حەستەمەدا، جارێکی دیکە دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ملهوری ئاخوندی زۆر بێ دەربەستانە لە بەرانبەر ئەو نەخۆشیەو چارەنووس و ژیانی خەڵکی ئێران کەمتەرخەم بوون،وە تەنانەت لە هێنانی نەخۆشیەکەو بڵاوبوونەوەی لە ئێراندا بەرپرسن. بەردەوام بوونی هاتوو چووی گەشتیاران وچوونی فڕۆکەکانی ئێران بۆ ووڵاتی چین لەو ڕۆژانەی کە نەخۆشی کۆڕۆنا لە شاری ووهان و زۆبەی شارەکانی دیکەی ئەو ووڵاتە بڵاو بۆوە، دەرخەری نەزانکاری و کەمتەرخەمی دەسەڵاتدارانی ڕژیمە بەرانبەر بە خەڵکی ئێران.
هاونیشتمانی خۆڕاگر!
کادری پزیشکی ماندویی نەناس!
بێگومان ئەو هەلومەرجە نەخوازراوەی کە ئێستا لە شارەکانی کوردستان وسەرانسەری ئێراندا هەیە، بەرپرسایەتی هەر تاکێک لە کۆمەڵگە، و بە تایبەت دوکتورو پەرەستارەکان و کادری نەخۆشخانەکان زیاتردەکا لە چارەسەری نەخۆشەکان و کۆتایی هاتن بە نەخۆشی کۆڕۆنا وکەم بوونەوەی ژمارەی مردووەکان.
جێگەی خۆیەتی سپاسی بێ پایانم بە پزیشک و کادری نەخۆشخانە و تێکڕای چالاکانی مەدەنی لە کوردستان ڕابگەێنم کە بەو پەڕی دڵسۆزی و هەست بە بەرپرسایەتی خزمەتی نەخۆشەکان دەکەن و تەنانەت هەستیاری ئەو نەخۆشیە نەیتوانیوە کاریگەری بخاتە سەر خزمەت و چارەسەری نەخۆشەکان. لەو پێوەندیانەی کە ژمارەێک لە مامۆستایان و کەسایەتی و خۆشکان و برایان بە ئێمەوەیان کردووە، داوایان کرد پەیامی خۆم و سازمانی خەبات بۆ هاونیشتمانیان بنێرم و داوایان لێ بکەم کە گرینگی زیاتر بە باری تەندروستیان بدەن و ئەو ڕاسپاردانەی پزیشکەکان جێ بە جێ بکەن.
هەر بەم بۆنەوە داوا لە هاونیشتمانیانی بەڕێز دەکەم ئاگاداری خۆیان و دەوروبەریان بن و هیچ کۆبوونەوەێک نەکەن، و تا دەتوانن لە ناو ماڵەکانیان بمێننەوە. هەروەها ئەندامانی ئەو خانەوادانەی، کەس یا کەسانێکیان نەخۆشی کۆڕۆنای گرتووە هەوڵ بدەن خۆ بپارێزن لە سەردانی دۆستان و ناسیاوانیان وهەوڵ بدەن بە زوترین کات پشکنین بۆ خۆیان بکەن و هەروەها خۆ لە نزیک بوونەوە خەڵک بپارێزن. لە هاونیشتمانیانی تێکۆشەر داواکارم چۆن لە ئەنجامدانی یارمەتی کردنی یەکتر لە ڕابردودا،وە بە تایبەت لە ماوەی سەرهەڵدانی نەخۆشی کۆڕۆنا بەو پەڕی سەخاوەت و هەستی هاوکاری تێکۆشان، لە ئێستاو داهاتوشدا لە هاوکاری یەکتر بەردەوام بن. هەروەها داوا لە دەوڵەمەندو بازرگانەکانی کوردستان دەکەم بە ڕەچاو کردنی بەرپرسایەتی و هاونیشتمانی بوون، لەم قۆناغە حەستەمەدا هاوکاری نەخۆش و خەڵکی هەژار بکەن و ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی یان لە بیر نەکەن. بێگومانم کە جەماوەری ئێران و سەرانسەری جیهان بە سەر نەخۆشی کۆڕۆنادا زاڵ دەبێ و بە زوویی شاهێدی لە ناوچوونی ئەو نەخۆشیە مەترسیدارەو هەروەها شاهێدی لە ناوچوونی ڕژیمی ئاخوندی دەبن کە دەیان جار قێزەونترو زیانبارتر لە کۆڕۆنایە. لە کۆتاییدا لە لایەن سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی بە خانەوادەی کۆچ کردوانی نەخۆشی کۆڕۆنا ڕادەگەێنم و هومێدوارم غەمی لە دەست دانی ئازیزانیان ببێتە قینی تۆڵەو بەرەنگاری لە بەرانبەر حکومەتی ستەمگەری ئاخوندی کە سەرچاوەی زۆربەی نەیامەتی و چارەڕەشیەکانی جەماوەرە. لەگەڵ هومێد بە چاک بوونەوەی نەخۆشەکان و هومێد بە سەلامەتی بۆ هەموو هاونیشتمانیانی کوردستان و جەماوەری سەرانسەری ئێران و تێکڕای کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
بابەشێخ حوسەینی
24 ی ڕەشەممەی 1398 کۆچی خۆری