ئەمریکا و ئەورووپا هۆشداری دەدەن؛ بەرپرسانی ئێران «سیمکارتی بێفیلتەر» بەکاردەهێنن لەکاتێکدا ئینتەرنێت بۆ خەڵک قەدەغەیە
نوێنەرانی پەرلەمانی ئەورووپا و کۆنگرێسی ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ کۆمپانیا گەورەکانی تەکنۆلۆژیا (گووگڵ، مێتا و ئامازۆن)، داوایان کردووە دەستڕاگەیشتنی هاووڵاتییانی ئێران بە ئینتەرنێتی ئازاد بەهێزتر بکەن.
ئەم داواکارییە وەک کاردانەوەیەکە بەرانبەر بە توندبوونەوەی سەرکوتی دیجیتاڵی لە ئێران، کە تێیدا هۆشداری دراوە لەوەی پەرەسەندنی چاودێری لەسەر بنەمای زیرەکیی دەستکرد و پچڕانی بەردەوامی ئینتەرنێت، سیستەمێکی دیجیتاڵیی دووگانەی دروست کردووە.
خاڵی جێی مشتومڕ لەم دۆسیەیەدا، بەکارهێنانی ئینتەرنێتی چینایەتی و «سیمکارتی سپی»یە بۆ بەرپرسان. لەکاتێکدا پلاتفۆرمە جیهانییەکانی وەک ئێکس (تویتەر)، فەیسبووک و ئینستاگرام لەسەر خەڵکی ئاسایی داخراون، بەرپرسانی نزیک لە دەسەڵات بە هێڵی تایبەت و بەبێ فیلتەر لەنێو ئێرانەوە چالاکن.
ئەم بابەتە کە بەهۆی تایبەتمەندیی لۆکەیشنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسەوە ئاشکرا بووە، ناڕەزایەتیی لێکەوتووەتەوە و بەکارهێنەران دۆخەکە بە «ئاپارتایدی دیجیتاڵی» ناودەبەن، کە تێیدا ئینتەرنێت بۆ بەرپرسان ئازادە و بۆ خەڵک قەدەغە.