ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ: لە ئێران هەر دوو سەعاتیک جارێک زیندانییەک لەسێدارە دەدرێت
بەپێی نوێترین ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، شەپۆلی لەسێدارەدان لە زیندانەکانی ڕژیمی ئێران بە شێوەیەکی مەترسیدار زیادی کردووە، بەجۆرێک لە ماوەی تەنها ٤٨ سەعات لانی کەم ٢٤ زیندانی لەسێدارە دراون.میدیا و سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ ئاشکرایان کردووە، لە ڕۆژانی ١٥ و ١٦ی سەرماوەز (شەممە و یەکشەممەی ڕابردوو)، جێبەجێکردنی سزای لەسیدارەدان لە زیندانەکانی ڕژیمی ئێراندا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی. بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان، لەم دوو ڕۆژەدا بە شێوەی تێکڕا ڕۆژانە ١٢ کەس و "لە هەر دوو سەعاتیک زیندانییەک" لەسێدارە دراوە.ئەم شەپۆلە نوێیەی لەسێدارەدان جوگرافیایەکی فراوانی گرتووەتەوە و تەنها لە یەک ناوچەدا قەتیس نەبووە. سزاکان لە زیندانەکانی شارەکانی (سنە، کرماشان، ورمێ، ئەراک، کەرەج، قوم، قەزوین) و چەندین شاری دیکە جێبەجێ کراون، کە بەشێکیان زیندانی کورد بوون.هەرچەندە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی وەک ئاژانسی هەواڵی "هەرانا" و "ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران"، وردەکاریی ئەم تاوانانەیان بە بەڵگە و ئامارەوە بڵاوکردووەتەوە، بەڵام میدیا و ئاژانسە هەواڵییەکانی سەر بە حکومەتی ئێران بێدەنگییان هەڵبژاردووە. میدیا کانی ڕژیمی ئێران تەنها باسیان لە "یەک حاڵەت"ی لەسێدارەدان کردووە و هیچ زانیارییەکیان لەسەر ٢٣ کەسەکەی دیکە نەخستووەتە ڕوو.