مەهاباد: هێزە ئەمنییەکان هەڵدەکوتنە سەر ماڵێک و هاووڵاتییەک بۆ شوێنێکی نادیار دەگوازنەوە
لە درێژەی فشارە ئەمنییەکان و شەپۆلی گیرانی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ئێران، هێزە حکوومییەکانی ئێران لە شاری مەهاباد گەنجێکی دیکەیان بەند کردوە.
سەرچاوەکان لە مەهابادەوە ئاشکرایان کردووە، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی سەرماوەز، هێزە سەرکوتگەرەکانی حکومتی ئێران بە شێوازێکی توند هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی "محەممەد مستەفا".بەپێی زانیارییەکان، هێزە حکوومییەکان لە کاتی گیرانی ئەو هاووڵاتییەدا، ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر ژمارەیەک لە کەلوپەلە تایبەتییەکانیدا گرتووە، لەوانە مۆبایلەکەی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.تا ساتەوەختی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆی گیران و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون لە بەردەستدا نییە. هاوکات شوێنی ڕاگیرانی محەممەد مستەفا نادیارە و ئەمەش نیگەرانیی لای خێزان و کەسوکارەکەی دروست کردووە.