پەلاماردانی مەزاری کیانووش سەنجەری و گیرانی ناڕازییان
هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم لە گۆڕستانی "بەهەشتی زەهرا"ی تاران، هێرشیان کردووەتە سەر مەزاری ڕۆژنامەنووس و چالاکوان "کیانووش سەنجەری". بەپێی زانیارییەکان، مەئمورانی سپای ترۆریستی پاسداران تابلۆکانی یادکردنەوەی سەنجەرییان شکاندووە و لێیان کردووەتەوە.
لە کاتی ڕووداوەکەدا، دوو هاووڵاتی کە وەک ناڕەزایەتی دژی ئەم بێڕێزییە وەستاونەتەوە، دەستبەجێ لەلایەن هێزە بەناوئەمنییەکانەوە گیراون. شایانی باسە کیانووش سەنجەری ساڵێک لەمەوبەر وەک ناڕەزایەتی بەرانبەر سیاسەتەکانی ڕژیمی ئاخوندی و بۆ داکۆکی لە زیندانیانی سیاسی وەک (فاتمە سپێهری و تووماج ساڵەحی)، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا؛ مەرگێک کە زۆرینەی چاودێران بە "کوشتنی حکوومەتی" ناوی دەبەن.
جگە لە شێواندنی مەزارەکەی، دەزگا بەناوئەمنییەکان هەڕەشەیان لە خانەوادەی سەنجەری کردووە کە نابێت بەهیچ شێوەیەک ڕێوڕەسمی ساڵیاد بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسە بگێڕن، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی گرتن و زیندان دەبنەوە.