سزای سێدارەی وریشە مورادی هەڵوەشایەوە
لە هەواڵێکدا کە ئاماژەیە بۆ پووچەڵبوونەوەی دۆسیەسازییە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی قەزایی ڕژیمی ئێران؛ حوکمی لەسێدارەدانی زیندانیی سیاسی (وریشە مورادی) هەڵوەشایەوە. پارێزەرەکەی دەڵێت لێکۆڵینەوەکان پڕ بوون لە کەموکوڕی و پێشێلکاریی یاسایی.
مستەفا نیلی، پارێزەری وریشە مورادی ناسراو بە (جوانا سنە)، بە فەرمی ڕایگەیاند کە دیوانی باڵای ڕژیمی ئێران حوکمی لەسێدارەدانی ئەو چالاکوانە کوردەی هەڵوەشاندووەتەوە. بەپێی زانیارییەکان، هەڵوەشانەوەی ئەو حوکمە دانپێدانانێکی ئاشکرایە بەوەی کە پڕۆسەی دادگایی کردنەکە لە سەرەتاوە نایاسایی بووە و وەک پارێزەرەکەی دەڵێت: «ڕێکارە یاساییەکان ڕەچاو نەکراون و لێکۆڵینەوەکان کەموکوڕییان هەبووە».
ئەو بڕیارە لە کاتێکدایە کە (ئەبولقاسم سەڵەواتی)، قازیی ڕژیم لە لقی ١٥ی دادگای بەناوشۆڕش کە بە دەڕکدنی حوکمی قورس و سیاسی ناسراوە، لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا بە تۆمەتی دروستکراوی "بەغی" سزای لەسێدارەدانی بەسەر وریشە مورادیدا سەپاندبوو. هێزە بەناو ئەمنییەکانی ڕژیمی ئێران لە کاتی گرتنی وریشە مورادیدا لە ساڵی ١٤٠٢، توندوتیژییەکی زۆریان بەکار هێنابوو و ناوبراو لە مافە سەرەتاییەکانی بێبەش کرابوو.