بەهۆی بەردەوامیی قەیرانی وزە و بەکارهێنانی سووتەمەنیی کوشندەی مازووت لەلایەن وێستگەکانی کارەبای حکومەتەوە، دۆخی هەوای بەشێکی زۆر لە شارەکانی ئێران گەیشتووەتە ئاستی مەترسیدار. کارناسان هۆشداری دەدەن کە ئەو دۆخە سروشتی نییە، بەڵکو دەرئەنجامی سیاسەتی هەڵەی دەسەڵاتە لە بەڕێوەبردنی وزەدا.
لە شاری مەشھەدەوە بۆ ئەسفەھان و خووزستان، هەناسەدان بۆ هاووڵاتییان بووەتە ئەستەم. بەپێی ئامارەکان، شاری مەهریز لە پارێزگای یەزد بە تۆمارکردنی پلەی ١٩٨، پیسترین هەوای ئێرانی هەبووە و تەنها دوو پلەی ماوە بگاتە دۆخی «زۆر مەترسیدار».
دۆخەکە لە مەشھەد کارەساتبارترە، پیسیی هەوا پێی ناوەتە مانگی دووەمی خۆیەوە و ١٠ ناوچەی ئەو شارە لە دۆخی هۆشداریدان. لە کاتێکدا بەرپرسانی حکومەت تەنها ڕێنمایی خەڵک دەکەن کە «لە ماڵ نەچنە دەرەوە»، بەڵام خۆیان لە چارەسەرکردنی هۆی سەرەکی کە سووتاندنی مازووتە لە وێستگەکاندا، دەدزنەوە. ئێستا بەشێکی زۆری خەڵکی ئێران، لە جیاتی هەوای پاک، ژەهر هەڵدەمژن.