ئوسترالیا لێکۆڵینەوە لە پەیوەندیی هێرشەکەی سیدنی بە ڕژیمی ئێران دەکات
کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل بڵاویکردەوە کە ئوسترالیا خەریکی لێکۆڵینەوەیە لەو بابەتەی کە ئایا هێرشەکەی سیدنی بەشێک بووە لە پلانێکی فراوانتر لەلایەن ڕژیمی ئێران یان نا. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، مۆساد نزیکەی مانگێک لەمەوبەر هۆشداریی دابووە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئوسترالیا سەبارەت بە «ژێرخانێکی ترۆریستی» کە لەلایەن ڕژیمی ئێران لەو وڵاتە پشتیوانی دەکرێت و بەتەمای هێرشکردنە سەر ئامانجە جووەکان بووە.کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل ئەوەشی خستەڕوو کە مۆساد پێشتریش ڕایگەیاندبوو تۆڕێکی سەرووسنووریی (جیهانی) سەر بە هێزی قودسی سپای ترۆریستی پاسداران، لە پشت هێرشەکانە بۆ سەر ناوەندە جووەکان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، لەوانەش ئوسترالیا. لەو ڕاپۆرتەدا بە گێڕانەوە لە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل هاتووە کە «سەردار عەمار»، لە فەرماندە باڵاکانی هێزی قودسی سپای ترۆریستی پاسداران، سەرۆکایەتیی ئەو تۆڕە دەکات؛ تۆڕێک کە دوای هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەری حەماس، هەوڵەکانی خۆی بۆ بەئامانجگرتنی ناوەندە جووی و ئیسرائیلییەکان لە سەرتاسەری جیهاندا توند کردووەتەوە.