وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: داوای ئازادکردنی دەستبەجێی گیراوانی یادی خوسرەو عەلیکوردی دەکەین
واشنتۆن بە توندی سەرکۆنەی شەپۆلی نوێی گرتنەکان لە ئێران دەکات. بەشی فارسیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە گرتنی بەشداربووانی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی "خوسرەو عەلیکوردی" دەربڕی. بەپێی بەیاننامەکە، ٣٩ کەس لە گیراوان توانیویانە لە زیندانەوە پەیوەندی بە خێزانەکانیانەوە بکەن و ڕایانگەیاندووە کە لە کاتی گرتنیان دا بە "باتۆم" و بە شێوەیەکی توند لێیان دراوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە زمانێکی تووند دەڵێت: سەرکوتکردنی دڕندانە لە ئێران ٤٦ ساڵە بەردەوامە و ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە." لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، ئەمریکا داوای ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم ئەو هاوڵاتییانە دەکات کە لەو ڕێوڕەسمەدا گیراون.