مای ساتۆ: دەبێت چارەنووسی گیراوانی مەراسیمی خوسرەو عەلیکوردی ئاشکرا بکرێت
"نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی دێتە دەنگ و داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو هاووڵاتییانە دەکات کە لە مەراسیمی پارێزەرێکدا ڕفێنراون."
"مای ساتۆ، ڕاپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێران، پەیامێکی توندی بە دەسەڵاتدارانی حکومتی ئیران دا و ڕایگەیاند کە بە وردی چاودێری دۆسیەی سەرکوتکردنی بەشداربووانی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی (خوسرەو عەلیکوردی) دەکات.
هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژێم لە شاری مەشهەد، بەبێ ڕێزگرتن لە دابونەریت و مافە سەرەتاییەکان، هەڵیانکوتاوەتە سەر مەراسیمی ئەو پارێزەرە کۆچکردووە و ژمارەیەک هاووڵاتییان گرتوە. مای ساتۆ ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی سەرماوەز ئاشکرای کرد کە بەپێی زانیارییەکان، ژمارەیەک لەو هاووڵاتییانە بۆ «شوێنی نادیار» گواستراونەتەوە، کە ئەمەش مەترسی شکەنجە و بێسەروشوێنکردنیان زیاد دەکات.
ڕاپۆرتێرەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەسەڵاتدارانی ئێرانی وتووە کە پرسەگێڕان و دەربڕینی خەم مافێکی سەرەتاییە و دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت. هاوکات داوای کردووە کە دەبێت حکومەت «لێکۆڵینەوەی ڕاستەقینە» لە هۆکاری مەرگی خوسرەو عەلیکوردی بکات، کە گومان دەکرێت بووبێتە قوربانیی فشارەکانی سیستەمی قەزایی و ئەمنیی ڕژیمی ئێران