ئازادکرانی چوار ئەندامی گرووپی ڕاگەیاندنی ئاڤا میدیا دوای ١٤ ڕۆژ گیران
ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی سەرماوەز، عومەر ئەحمەد، پێشکەشکاری كاناڵی ئاڤامیدیا لە هەرێمی كوردستانی باشور، لەگەڵ سێ هاوکارەکەی لەوانە مامەند حەسەنپوور، بەرهەمهێنەر و هاووڵاتیی خەڵکی نەغەدە و ئاوارە عومەر، وێنەگری خەڵکی هەرێمی کوردستانی باشوور و هەروەها شۆفێری ئەو گرووپە بە ناوی عومەر، دوای دوو حەوتوو لە گیران ئازاد کراون. بەپێی سەرچاوەكان، ئەو هاووڵاتییانە بەبێ هیچ هۆکارێکی یاسایی و تەنیا بە بیانووی نەبوونی مۆڵەت گیراون و لە تەواوی ماوەی گیرانیان دا، بە چارەنووسێکی ناڕوونەوە لە گرتوخانە کان ڕاگیرابوون. ئەمە لە کاتێکدایە کە تیمی ڕاگەیاندنی ئاڤامیدیا پێشتر مۆڵەتە پێویستەکانی لە کونسوڵخانەی حکومتی ئیران لە هەولێر وەرگرتبوو و هەروەها پێش بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی بەیت و حەیران لە سەردەشت، بە شێوەی تەلەفۆنی داوای مۆڵەتیان بۆ ڕووماڵکردنی ئەو چالاکییە کردبوو. ئەو هاووڵاتییانە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەز، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای ترۆریستی پاسداران لە سەردەشت گیران.