هەڵواسینی پۆستەرەکانی ناڕەزایەتی لە زانکۆی عەڵلامە تەباتەبایی
کەناڵی تێلێگرامی خوێندکارانی یەکگرتوو، وێنەکانی هەڵواسینی پۆستەری وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر بە گرتنەکانی ڕێوڕەسمی حەوتەی خەسرەو عەلیکوردی لە زانکۆی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی زانستگای عەللامە تەباتەبایی بڵاو کردەوە. ڕێوڕەسمی حەوتەی ئەو پارێزەرە کۆچکردوە، ٢١ی سەرماوەز لە مەشهەد بەڕێوەچوو و هاووڵاتییانی ئامادەبوو بە وتنەوەی دروشمی ناڕەزایەتی، یادیان بەرز ڕاگرت. حەسەن هیممەتیفەر، داواکاری گشتیی مەشهەد، ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤ وێڕای ڕاگەیاندنی هەواڵی گیرانی ٣٩ کەس لە ڕێوڕەسمی حەوتەمی عەلیکوردیدا، وتی «لێکۆڵینەوەکان» لەلایەن ناوەندە بەناوئەمنیەکان و دەزگای گەندەڵی قەزایی ڕژیم لەسەریان بەردەوامە. لەگەڵ ئەوەشدا، چالاکانی مافی مرۆڤ مەزەندە دەکەن ژمارەی گیراوان زیاتر لە ٥٠ کەس بێت و سەرچاوە مافی مرۆییەکان ناوی زیاتر لە ٣٠ کەس لەو کەسانەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کردووەتەوە.