ئاڵای کوردستان؛ هێمای شکۆ و ناسنامەی نەتەوەیی
لەسەر لووتکەی چیا سەرکەشەکانەوە تا دڵی شارەکان، هێمایەک هەیە کە بۆ هەموو کوردێک لە هەر کوێی جیهان بێت بایەخی پێدەدات. ئەوە هێمایە ئاڵای پیرۆزی کوردستانە؛ کە لە مەهابادەوە هەڵکرا و بوو بە چرای هیواو ڕووناککردنەوەی ڕێگای تاریکی مێژوومان.
ئەم ئاڵایە ناسنامەی خەبات، قوربانیدان و کۆڵنەدانی میللەتێکە کە بڕیاری داوە هەرگیز سەر بۆ ژێردەستەیی دانەنەوێنێت و هەمیشە تێبکۆشێ بە سەربەرزی بمێنێتەوە.
لە ساڵی ١٩١٨ دا سەرۆکی ڕێکخستنی ئازاد (خەلیل بەگ) یەکەم کەس بوو ئاڵای کوردستانی دروست کرد و بەدیاری و بەئامانەت بە (ئیحسان نوری پاشا) دەسەڵاتداری میرەکانی ئاراراتی بەخشی. هەر لەو کاتەدا، حیزبی (خۆییبوون) لە باکووری کوردستان، بوونە خاوەنی سەرەکیی ئاڵاکە و بۆ یەکەم جار ئەو ئاڵایەیان لە نێوان ساڵەکانی ١٩١٧ بۆ ١٩٢٧ لەسەر زۆربەی ناوچەکانی کوردستان هەڵکرد و هەروەها لەسەر بەرگی گۆڤارەکەشیان بەناوی (هاوار) کە لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا دەریان دەکرد، کێشایان و دایان دەنا.پاش هەڵوەشانەوە و کۆتایی حیزبی خۆییبوون، قازی محەمەد یەکەم کەس بوو کە بە فەرمی جارێکی دیکە ئەو ئاڵایەی بەرزکردەوە، کاتێک کۆماری مەھاباد دامەزرا دوو ئاڵا پێشنیار کران ، یەکەم ئاڵا لەلایەن فاتیمە ئەسەد شاھین لەسەر داوای قازی محەممەد و پێشنیاری مەلامستەفا بارزانی دیزاین کرا. دواتر دیزاینی دووەمی ئاڵاکە لەلایەن فاتیمە سەید مەناف حوسێنی بە پێشنیاری میرزا کەریم ئەحمەدین وەزیری پۆست و تەلەگرافی حکوومەتی مەھاباد پێشکەش کرا و کرایە ئاڵای فەرمیی کۆماری کوردستان،کە پێک دەهات لە سێ ڕەنگ سوور،سپی،سەوز،و هیمای دوو گوڵە گەنم و قەڵەم و خۆرێك. (کۆمەڵەی ژێکاف)یش لە کوردستانی ئێران لە ساڵی ١٩٤٢ بەدوا ھەمان ئاڵای لە بۆنە و یادەکاندا لە شاری مەھاباد بەرزکردۆتەوە. ئەگەرچی ئەو ئاڵایە لەسەردەمی کۆماری کوردستان لە مەھاباد بوونی ھەبووە، بەڵام کۆماری مەهاباد یەک ساڵیەکە خاوەن ئاڵایەکی تایبەت بە خۆی بووە کە زۆر نزیک بووە لە ھەمان ئەو ئاڵایە. دکتۆر کامەران بەدرخانیش ھەمان ئاڵای ساڵی ١٩١٩ی وەک ئاڵای کوردستان نیشانی وڵاتانی ئەورووپای داوە. لە ساڵەکانی ١٩٦٠یشدا (کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا) لە چەند بۆنە و یادێکدا ھەمان ئاڵای کوردستانیان بەرزکردۆتەوە. ڕەوەندی کوردی ھەموو بەشەکانی کوردستانیش لە ساڵانی ١٩٧٠ بەدوا ناو بەناو لە بۆنە و یادەکاندا ھەمان ئەو ئاڵایەیان وەک ئاڵای کوردستان بەرزکردۆتەوە. لە دوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ی کوردستانی عێراق ئەو ئاڵایە لەسەر تەلاری ھەندێک لە ڕێکخراوە سیاسییەکان و دام و دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان هەڵکرا کە تیشکی خۆرەکەی ٢١دانە تیشکە و لە چوار ڕەنگی سوور، سپی، زەرد، سەوز پێکھاتووە، کە لە ھەندێک سەردەم و شوێندا ژمارەی تیشکەکانی ئاڵای کوردستان یان ئەوەتا زۆرتر بووە لە تیشکەکانی ئێستا یانیش کەمتر بووە و یاخود جۆری تیشکەکانی کورت و درێژ بوون. لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ١٧ مانگی ١١ی زایینی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی ئاڵای کوردستان دیاری کراوە و لەم ڕۆژەدا ڕێوڕەسمی تایبەت ئەنجام دەدرێت.
لە کۆتاییدا، ئاڵای کوردستان تەنها پارچە یەکی رەنگاورەنگ نییە، بەلکو ناسنامە، کەرامەت و بەڵگەنامەی بوونی ئێمەیە وەک نەتەوە. هەر بستێکی ئەو خاکە و هەر دڵۆپە خوێنێکی شەهیدان، لەم ئاڵایەدا ڕەنگی داوەتەوە. بۆیە ئەرکی سەرشانی ئێمەیە وەک نەوەی ئێستا، ئەو ئەمانەتە پیرۆزە کە لە مێژووی پڕلە قوربانیدان بۆمان ماوەتەوە، هەمیشە بە بەرزی و شەکاوەیی رابگرین و ڕادەستی نەوەکانی داهاتووی بکەین.