تاجاوای هەمەدان؛ گوندێک کە بە کتێب وەڵامی تاریکی دەداتەوە
لەکاتێکدا ڕژیمی ئێران بەردەوامە لە پەراوێزخستنی شار و گوندەکانی کوردستان و هەوڵی کاڵکردنەوەی شوناسی نەتەوەیی دەدات، لە قوڵایی پارێزگای هەمەدانەوە، گوندێکی کوردنشین پەیامێکی جیاواز بە گوێی جیهاندا دەدات. گوندی "تاجاوا" لە شارۆچکەی بەهار، سەلماندی کە کورد لە هەر شوێنێک بێت، هەمیشە پێشەنگی فەرهەنگ و زانست و ڕۆشنگەرییە. تاجاوای هەمەدان تەنیا گوندێکی ئاسایی نییە، لێرە کۆڵانەکان ناوی مرۆڤە گەورەکانی مێژوویان هەڵگرتووە. لەو گوندەدا کاتێک بە کۆڵانەکاندا پیاسە دەکەیت، ڕووبەڕووی ناوی نووسەران و کتێبە هەرە ناسراوەکانی کورد و جیهان دەبیتەوە. تابلۆکان بە سێ زمان نووسراون، ئەمەش نیشانەی تێگەیشتنی قووڵی دانیشتووانە کوردەکەیەتی بۆ پێکەوەژیان و جیهانبینییەکی فراوان. ئەو گوندە کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە وەک "گوندی هۆگرانی کتێب" ناسراوە، خاوەنی کتێبخانەیەکی دەوڵەمەندە کە زیاتر لە شەش هەزار بەرگ کتێبی لە بوارە جیاوازەکانی ئەدەبیات، فەلسەفە و سیاسەت تێدایە. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەسەڵات، بودجەی وڵات بۆ پەرەپێدانی توندوتیژی و پڕوپاگەندەی ئایدیۆلۆژی خەرج دەکات، بەڵام خەڵکی تاجاوا بە ئیرادەی خۆیان، گوندەکەیان کردووەتە ناوەندێکی گەشتیاری و فەرهەنگی. جگە لە کتێب و فەرهەنگ، کاروانسەرای مێژووییی تاجاوا بووەتە جێی سەرنجی گەشتیاران. تاجاوا نیشانی دا کە کتێب گەورەترین چەک و بەهێزترین وەڵامە بۆ ستەم و تاریکپەرستی.