گومانلێکراوی هێرشەکەی "بوندای" مەشقی بەکارهێنانی چەکی کردووە
تۆڕی "ئەی-بی-سی"ی ئوسترالیا لە زاری بەڵگەنامەکانی پۆلیسەوە بڵاوی کردەوە، ئەو کەسەی گومانلێکراوی هێرشەکەی کەناراوەکانی "بوندای"یە و تۆمەتبارە بە کوشتنی ١٥ کەس، لەگەڵ باوکیدا لە ناوچەیەکی ویلایەتی "نیو ساوت وێڵز" لە دەرەوەی سیدنی، "مەشقی بەکارهێنانی چەکی گەرم"یان کردووە و ڤیدیۆیەکیان دەربارەی "پاساوهێنانەوە" بۆ ئەو هێرشە تۆمار کردبوو.ڕاگەیەندراوی پۆلیس دەربارەی وردەکارییەکانی دۆسێیەکە، دوای ئەوە بڵاوکرایەوە کە ڕۆژی دووشەممە "نەوید ئەکرەم" لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لە ناو نەخۆشخانەیەکی سیدنییەوە لە بەردەم دادگا ئامادە بوو.بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوە، نەوید ئەکرەمی تەمەن ٢٤ ساڵ و باوکی "ساجد ئەکرەم"ی تەمەن ٥٠ ساڵ، لە کاتی هێرشەکەدا چوار تەقەمەنی دەستکردیان بەرەو ڕووی خەڵکەکە هەڵداوە، بەڵام ئەو ماددانە نەتەقینەتەوە.