بەپێی ڕاپۆرتی "حاڵ وەش"؛ ئەمڕۆ دووشەممە ١ی بەفرانباری ١٤٠٤ ، هاووڵاتییەکی بەلووچ بەهۆی تەقەی چەکدارانی نەناسراو بۆ سەر ئۆتۆمبێلەکەی لە گوندی "کەدان" سەر بە ناوچەی "کەلات" لە شارستانی سەرباز، کوژرا.
ناسنامەی ئەو هاووڵاتییە کوژراوە؛ «عەبدولحەکیم حەمەلی» خەڵک و دانیشتووی گوندی "کیشکۆر"ی شارستانی سەرباز لەلایەن حاڵ وەشەوە ڕاگەیندرا.
بە وتەی سەرچاوەکانی حاڵ وەش: «دەوروبەری سەعات ١٢ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، چەکدارانی نەناسراو کە سواری ئۆتۆمبێلێکی پژۆی ڕەنگ خۆڵەمێشی (نوکمدادی) بوون، بە تەقەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئۆتۆمبێلی ئەو هاووڵاتییە بەلووچە، بوونەتە هۆی ئەوەی گوللە بەر سەری بکەوێت و لە شوێنی ڕووداوەکە بکوژری.»
سەرچاوەکان لە درێژەدا ڕایانگەیاندووە: «دوای تەقەکردنەکە، ئەنجامدەرانی ڕووداوەکە دەستبەجێ لە شوێنەکە هەڵاتوون و تا ئێستا ناسنامەی هێرشبەر یان هێرشبەرەکان دیار نییە.»هیشتا، هیچ زانیارییەک دەربارەی مەبەست و ناسنامەی هێرشبەرەکان لەبەر دەستدا نییە.