زێنەب حوسێنی
زێنەب حوسێنی
کارەسات و ڕوداوە سروشتیەکان، کاریگەری گەورە لەسەر پێکهاتەی گشتی کۆمەڵگەو سروشت دادەنێن، جا ئەو گۆڕانکاریانە ئەبێتە هۆی هەڵسەنگاندن و دەرک و بەرپرسیارەتی تاک بەرانبەر خۆی و کۆمەڵگە.
ڕیشەی پێکهاتەی شارو شارستانیەت بنەمایەکی زانستیی بەردەوامی پێویستەو زیادەڕەوی لە پێکهاتەکەی، کارەسات دەخولقێنێ.
داهێنەران و دامەزرێنەرانی شارستانیەت، دابەش بوون بەسەر چەند پۆلێک و هەرپۆلەو حەزو ویستی خۆی بەکاربردوەو شارستانیەت و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی بەپێی ویست و دەسەڵاتەکانی بەکارهێناوەو پێوانەی بۆ داناوە.
داڕێژەرانی یاسا گەردونیەکان، هەمان ئەو مرۆڤانەی سەر زەوین و لە ئەستێرەیەکی دیکەوە نەهاتون.
گەلۆ ئەم گشتە داهێنان و پێشکەوتنە لە ئاکامدا چەندە لە خزمەت ژیان ومرۆڤایەتیدا دەبێت؟
ئەی داهێنان بە نرخی تێکدانی بنەماکانی ژیان بۆ کێیەو کێ سودی لێ دەبینێ؟
ئەی ڕێژەو قەبارەی بەرهەم و داهێنان کێ دیاری کردووە؟
چاوی مرۆڤایەتی کەی پڕ دەبێ و تا کەی داهێنان لە پێناو داهێانێکی دیکە دەکرێ؟
پێشبڕکێی زانستی و قەڵەمڕەوەکەی بۆ کوێ دەڕواو بەهرەکەی دەچێتە گیرفانی کێ؟
سەدان پرسیار و هەزاران وەڵامی جۆراو جۆر، دەتباتەوە سەر ئەو باوەڕەی کە ئەرێ ئەم شتانە خزمەتە بە مرۆڤایەتی!!
بەردەوام باس لەوە دەکرێ ئەوە کاری کەسانی شارەزایەو خۆیان دەزانن چی دەکەن و چۆن ڕەفتار دەکەن و وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانە لای وانەو ........کۆتا وەڵام، بۆ (خزمەتی مرۆڤایەتی) کۆتا وشەی پێش نوختەیە.
باوەڕمەندبون بەزانستە ئەمڕۆییەکان، هەم سودبەخشەکانی و هەم زیانبارەکانی.، پێویستی بە باوەڕ و متمانەیە، تاکو مرۆڤایەتی بتوانێ ڕێبکاو ژیان بەردەوام بێت.
بەشێک لە مرۆڤەکان و بە تایبەتیش کەسانی سادەی کۆمەڵگا، کەمتر دەتوانن پەی بە مەترسیەکانی ژینگەو تەندروستی و زیانە کۆمەڵایەتیەکان بەرن، بەردەوام هەستی بەربەرەکانێ و ئینکاریان هەیە.
هەستی لاساری و پابەند نەبوون پەیڕەو دەکەن، ئەو پۆلە لە کۆمەڵگە، کە لە بەهرەکانی ژیانێکی ئاسودە بێ بەشن و بەهرەمەند نین لە هیچ یەکێک لەو زانست و پێشکەوتنەی سەردەم و بەردەوام چاو لە ئاسۆن تاکو ڕۆژێک هاوشێوەی دەوڵەمەندەکان ژیان بکەن و خۆش بژین.....
بەڵام ئەو لاساری و ئینکاریە تەنیا ئەوان نین و بەڵکو بەشێک لە چینە باڵا دەستەکەی کۆمەڵگەش هەمان ڕەفتار دەکات، لەبەر ئەوەی حەز بە ڕوخانی کۆشک و تەلار و تێکچونی ئەو شێوەی لەسەری بارهاتووە ناکات.
لایەنی دەرونی و سایکۆلۆژی مرۆڤەکان، بەردەوام خواستی کێبڕکێی بۆ خۆش گوزەرانیە، بێ گوێدانە دەرهاویشتەکانی و چۆنیەتی بەدەستهێنانی.....
ئەو دەستە لە کۆمەڵگە لە هەر ئەگەرێکی ڕوداوەکانیش، سروشتی و مرۆیی، جۆرێک لە بەرهەڵستی و بێ دەربەستی ڕویان تێدەکات و بەردەوام لە مل ملانێی ڕەدکردنەوەدان.
ئەو دوو چینە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا ئامادەنین ڕوداوەکانی دەوروبەریان ببین و وا بە خۆیان نیشان ئەدەن کە شتێک ڕووی نەداوەو دەستکردی ئەمەو ئەو هۆکارەو ئەوە ڕاستی نیەو ........
بەجۆرێک کە، زیان بە خۆیان و دەوروبەریشیان دەگەێنن..
ئەوەی کە دەبێ دەرکی پێبکرێ، ئەوەیە کە هۆکارەکانی پشت ئەم جۆرە بیرکردنەوانە لەناو تاکی کۆمەڵگەدا، هەر کۆمەڵگەو دەسەڵاتەکان و سەرمایەدار و سیاسی و زاناو داناو کەسە خاوەن ئایدۆلۆژیە جیاوازەکان ....، لێی بەرپرسن و بە پلەی یەکەمیش، کەس و مرۆڤە خوێندەوارو سەردەرچووەکان بە تەنیا بەجۆرێکی دیکە هۆکارو پاڵنەرن بۆ بەلاڕێدابردنی ئەم چینە......
بەردەوام چینی خوێندەوار، بە تایەبەت خۆیان هەڵبواردووە و هەمیشە ڕاڤەو بۆچونەکانیان بۆ خۆیانەو جگە لە خۆیان و هاوشێوەکانیان، کەس لە مەبەست و دەربڕینەکانیان تێ ناگات و کاریگەریەکی ئەوتۆیان بەدەر لەخۆیان بۆ جامعەو خەڵکی سادە و ساکاری ناو گێتی نیەو نەبووە.
چینی سەرمایەداریش لە خۆڕانان و خۆشگوزەرانی چیدیکەی بۆ گێتی نەبووە.
لەم ساتەو لە دەرکەوتنی ئافەتی ڤایرۆسی کڕۆنا، ئەو ڕاستیە تاڵە بە ڕونی دیارەو بەدەر دەکەوێت کە، مرۆڤایەتی لەسەر چ پاشخان و پاشهاتێک قەراری گرتووە.
دوای دابەش بون و دروستبوونی دەوڵەتان و دابەشکاری دەسەڵات و فەرمانڕەوایەکان لە جیهاندا، خاوەن ئایدیاو بیروباوەڕە جیاوازەکان کە بنەمایەکی مرۆڤایەتی و گەشەی هزری خزمەتکاریبێت و کۆی مرۆڤایەتی لە سایەی بحەسێتەوە، کەم ڕەنگ یان هەرنەبوەو هەمیشە دەستەیەک لە پێناو دەستەو دەسەڵات و تاقمێک چەوساونەوەو بونەتە داردەستی درێژکردنەوەی ستەم و خوێن مژی و مانەوەی ئەوان .....
هەر بۆیە بەشێک لە مرۆڤ لە مێژە قەرەنتینەن، قەرەنتینەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی ، مرۆڤایەتی، کەرامەت، ڕێزو بەرپرسیارەتی.....
لە ڕووی سایکۆلۆژیەوە هەست و بیروبۆچونەکانیان پێچەوانەی هەر ڕەوتێکی ئاساییە و بەردەوام لە حاڵەتی ڕەدکردنەوەن و پێیان وایە بەوەی کە خۆیان وا نیشان دا کەدەربەست نین، ئەوە ڕاستیەکان دەگۆڕێ و بەدڵی ئەوان دەبێت.
ئەوە لە حاڵێکدایە لام سەرلای ئەوان زیان بە خۆیان و دەوروبەریان و کۆمەڵگەش دەگەێنێ و بە جۆرێک لە بێ نەزمی و بە سەرپێچیەکانیان ئارام دەبنەوە.
بە پێی بۆچونی کەسانی پسپۆڕی دەرونی، خێزان و کۆمەڵگەیێکی ئارام و پڕ لە خۆشەویستی و دوور لە نابەرابەری، ئارامی دەرونی و گەشبینی و واقع بینی دروست دەکات.
دەسەڵات و بەڕێوەبەرانی ئێران دوای چل ساڵ بۆ وێنە، لە نائومێدی و زوڵم و ستەم زیاتر، هیچیان بۆ گەلانی ئێران پێنیەو لە ڕوودانی هەر کارەسات و ئافەتێک ناتوانن بچووکترین هەنگاوبنێن.
ئافەتی کڕۆنا بڕستی بە خەڵکی ئێران و کوردستان بڕیوەو خەڵک بەو هۆکارانەی کە باسم کرد، هێشتاش باوەڕناکەن کە ڤایرۆسێک ئەگەری هەیە و وێ دەچێ لەناویان بەرێ و ماڵ وێرانیان کات.
حوکمڕانی دوو ڕوو و بەرژەوندی خواز، گەلەکەی پێملی نیەو ڕاستیەکانیش لای ئەو، درۆیە، چونکە تا ئێستاش جگە لە هەوڵی مانەوەی بەرژەوەندی خۆی و دەستەو تاقمەکەی، هیچی لە پێناو نەکردن.
دەسەڵاتی ئاخوندی بەدرۆی شاخدارو بە لێستنەوەی حەرەم، خەڵکی پێ فریو نادرێ، بگرە ئەو میللەتە بەو ڕاستیەش باوەڕ ناکەن کە نەخۆشی و ئافەت ڕووی تێکردون و خەریکە هەموو وڵات دەگرێتەوە بەرەو داڕوخان دەڕوات.