‎نووسینی سیامەند
نووسینی سیامەند
مرۆڤ هەر چۆن بژی و هەرچەند بژی، لە ئاکامدا کۆچی دوایی دەکاو کۆتایی بە ژیانی دێ. مەرگ ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرەو هیچ زیندەوەرێک ناتوانێ تا سەر درێژە بە ژیان بدا، بەڵام کاتێ مەرگ حەقەو کەس ناتوانێ لێی دەربازبێ، ئەو ڕاستیەش هەیە کە جۆری مەرگەکان وبە جێ هێشتنی ئەم جیهانە جیاوازیان هەیە. مەرگی کەسانێک کە لە ماوەی تەمەن و ژیانیاندا بێجگە لە نەگبەتی،خراپکاری و زیان بۆ خۆیان و دەوروبەریان هیچ چاکەێکیان نەبوەو لە ماوەی تەمەنیان مۆتەکەو بەدی عەشرەت و بەدی کۆمەڵگە بوون، لە بەرانبەر ئەو مرۆڤانەی کە ژیانیان بۆ خزمەتی گەل و لە پێناو نیشتمان بووە گەلێک جیاوازی هەیە. ناڕەواییەکی گەورەیە،مەرگی کەسانی هیچ لە دەست نەهاتووی مەڵۆزم و سەرباری خەڵک هاوتەریبی مەرگی تێکۆشەران و غەمخۆران و پارێزەرانی خەڵک بکرێ. مەرگی دوکتورێکی خزمەتکاری گەل، پەرەستارێکی غەمخۆری نەخۆشەکان، و هەروەها هەر هاونیشتمانێکی دڵسۆزی نەتەوەو نیشتمان،کە ژیان و سەرمایەی لە پێناو بەختەوەری گەل و نیشتمان تەرخان دەکا بە مەرگی کەسانی هیچ لە دەست نەهاتووی بەدفەسادی سەرباری خەڵک بەرانبەر بکرێ. بەڵێ لەگەڵ ئەوەی کە چەندە ناڕەوایە مەرگی کەسانێک کە بەدی عەشرەت و بەدی کۆمەڵگەن لەگەڵ کەسانی دڵسۆزو غەمخۆری گەل و نیشتمان بەرانبەر بکرێ، بێگومان هەزاران جار ناڕەواترە کە شەهادەت و گیانبازی ڕۆڵە تێکۆشەرو فیداکارەکانی نیشتمان بەراورد بکرێ لەگەڵ مەرگی ئەو کەسانەی کە تەنیا بە شوێن ژیانی ئاسودەو خۆشگوزەرانی و سەرمایە زیادکردنن. ئەو قارەمانانەی کە لە بەرانبەر ستەمگەران و داگیرکەرانی نیشتمان وێستانەوەو لە هەموو سەنگەرەکاندا نەبەزین و چۆکیان بۆ دوژمن دانەداوەو بە قارەمانیەکانیان ستەمگەرانیان داماو ڕەزیل و زەلیل کرد، سۆما و بیلبیلەی چاوی دانیشتوانی نیشتمانن. یەکێک لەو قارەمان و شێری بێشانەی نیشتمان کە گیانی بۆ گەل و نیشتمان بەخشی، شەهید کاک ئەبوبەکر کەریمی ناسراو بە ئەبوبەکری مام ڕەحمانە. کاک ئەبوبەکر لە ساڵی 1347 کۆچی خۆری لە دێی پەرەشە لە ناوچەی بانە چاوی بە ژیانی پڕلە مەینەتی و ئازار هەڵێنا. شەهید ئەبوبەکر،ژیانی منداڵی لە دێی پەڕەشە تێ پەڕاند و لە قوتابخانەی (مەدرەسە)ی دێی پەڕەشە خوێندنی سەرەتایی تەواو کرد و بۆ درێژەدان بەخوێندن نێردرایە شاری بانەو دوو ساڵ لە قوتابخانەی راهنمایی خوێندی. بە هۆی ئەوەی باوک و خانەوادەی وەک هەزاران هاونیشتمانی کورد لە بەر زوڵم و ستەمی ڕژیمی خومەینی ناچار بوون دەست لە ژیانی ئاسایی هەڵگرن و چەکی شەرەف و مقاومەت لە شان بکەن و روبەروی هێزی داگیرکەرو پاسدارە چەقۆکێشەکانی حکومەتی ئاخوندی ببنەوە، شەهید ئەبوبەکر لە گەڵ باوکی و چەندین کەس لە ئەندامانی خانەوادەکەی و خزم و کەس وکاری چەکی پێشمەرگایەتی یان لەڕیزەکانی سازمانی خەبات لە شان کرد. کاک ئەبوبەکر پێشمەرگەێکی چاونەترس ودڵسۆز بوو، وە لە هیچ قارەمانەتیەک لە پێناو پارێزگاری لە گەل و نیشتمان و پارێزگاری لە سازمانی خەبات سڵی نەدەکرد. لە زۆربەی جەنگە قارەمانانەو کەم وێنەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سازمانی خەبات، بەشداری قارەمانانەی هەبوو. لێهاتوویی و ئازایەتی شەهید ئەبوبەکر لە گرتنی پایگای گەورەی گوندی شۆێ،پایگای دێ ماماڵ، شەڕی قارەمانانەی قەبەغڵوی سەقز،گرتنی پایگای گەورەی یاکوبا، شەڕی گەورەی مەردەکان لە هەژدەدۆڵان و لە دەیان قارەمانی بۆ پارێزگاری کردن لەسازمانی خەبات لە بەرانبەر چاوچنۆک و ناحەزاندا دەوری بەرچاوی گێڕا. تێکۆشان وماندووبونی کاک ئەبوبەکر تا ساڵی 1366 کۆچی خۆری لە ریزە ئاشکراکانی سازمان بەردەوام بوو،و دوایی بە بڕیاری سازمان گەرایەوە ناوخۆی کوردستان و ئەمجار لە کاری تەشکیلاتی چالاکانە بەشداری کردو توانی ئەرکی سازمانی بەڕێوەبەرێ. بە داخەوە کاک ئەبوبەکر لە ساڵی 1371 لە لایەن خۆفرۆشێک بە ناوی ڕەشید چاویانی کە بە ناوی کارکردن لە شانەی تەشکیلاتی شەهید ئەبوبەکردا کاری دەکرد ئاشکرا دەکرێ و لەلایەن ئیدارەی بەدناوی ئیتلاعات دەگیرێ و لەدوای چەند مانگ شکەنجەدان و هەوڵی ئیتلاعاتی ڕژیم بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕ بە شەهید ئەبوبەکر، شەهیدی قارەمان و نەبەزی سازمان شەهید محەممەد نانەوا کە ئامۆزای شەهید ئەبوبەکر بوو، ناچار بکەن کاک بابەشێخ حوسەینی ترۆر بکات، بەڵام شەهیدی قارەمان کاک ئەبوبەکر کەریمی و هەروەها شەهیدی فەرماندەو قارەمان شەهید محەممەد نانەوا بە سەختی وەلامی ڕژیم دەدەنەوەو بە قارەمانەتی و ئیمانیان بە ڕێبازی کوردایەتی و سازمانی خەبات، لووتی دوژمن دەشکێنن و هەڕەشەی ترۆرو مەرگ نایانترسێنێ و مەردانەو کوردانە لە بەرانبەر دوژمندا خۆڕاگری دەکەن. بە داخەوە لە دوای چەندین مانگ شکەنجەی بێ بەزةییانەی دوژمن و جەللادەکانی ئیتلاعات لە ڕۆژی 1ی خاکەلێوەی 1372 بە هۆی شکەنجەی قورس و بێ بەزةییانەی جەللادەکانی ڕژیمی ئاخوندی شەهید دەکرێ و گیانی بەرزی فیدای گەل و نیشتمان کردو رۆحی بەرزی تێکەڵ بە ڕۆحی شەهیدانی سوور خەڵاتی سازمانی خەبات و شەهیدانی خزمی لە سازمانی خەبات، شەهیدی قارەمان شەهید تەها سوور, شەهید محەممەد نانەوا، شەهید عەبدوڵانانەوا، شەهید مام ئەحمەد ڕەسوڵی، شەهید ناسر نانەوا،شەهید کاوە نانەوا، تێکەڵ بوو. لە یادی شەهادەتی کاک ئەبوبەکر کەریمی قارەمانی مەیدانی جەنگ و نەبەردیی و قارەمانی نەبەزو چاونەترسی رۆژان و ساتەکانی شکەنجەو زیندانەکانی ڕژیمی ملهوری ئاخوندی، هەزاران درود دەنێرین بۆ ڕۆحی پاک و بەرزی و بەڵێن بەشەهید ئەبوبەکر و تێکڕای شەهیدانی سوورخەڵاتی سازمانی خەبات دەدەین درێژە پێدەری ڕێگای سەربەرزانەو شکۆداریان بین.
29.03.2020 نووسراوە