جارێکی تر بارەگاکانی سازمانی خەبات کرانە ئامانج
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە کەناڵی (خەبات میدیا) گەیشتوون، نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٦/٣/٢٠٢٦ جارێکی تر ڕژیمی ئاخوندی ئێران هێرشی کردە سەر یەکێک لە بارەگاکانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران.
سەعات ١٢:١٠ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، یەکێک لە بارەگاکانی سازمانی خەبات بە ئامانج گیرا. بەپێی سەرچاوە فەرمییەکانی سازمان، هێرشەکە لە ڕێگەی موشەکەوە ئەنجامدراوە. خۆشبەختانە هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە، بەڵام خەسارەتێکی ماددی زۆر بە بارەگاکە و دەوروبەری گەیشتووە.
دوای زیاتر لە سێ هەفتە لە شەڕی ئیسرائیل و ئامریکا دژی رژیمی ئێران ئەمە چەندەمین جارە کە ڕژیمی ئێران بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بارەگاکانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران دەکاتە ئامانج. لە هێرشەکانی حەوتووی پێشوودا، بەداخەوە دوو پێشمەرگە شەهید بوون و شەش پێشمەرگەی تریش بریندار بوون.
ئەو هێرشانە نیشانەی ترسی ڕژیمی ئاخوندییە لە خەبات و تێکۆشانی سازمانی خەبات و بزووتنەوەی ڕەوای گەلی کورد لە کوردستانی ئێران. تا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان و سەرکردایەتی سازمان لە لێکۆڵینەوەدان لەبارەی قەبارەی زیانە ماددییەکان و وردەکاری زیاتری هێرشە موشەکییەکە.
خەبات میدیا بەردەوام دەبێت لە گواستنەوەی نوێترین زانیارییەکان لەسەر ئەم هێرشە.