میلیشیاكانی سەر بە ڕژیمی ئێران بە سێ درۆن هێرشیان کردووەتە سەر کۆگایەکی ڕۆنی ئۆتۆمبێل لە هەولێر
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند؛ بەیانیی ئەمڕۆ زنجیرەیەک هێرشی درۆنی کراوەتە سەر کۆگایەکی ڕۆنی ئۆتۆمبێل و بەو هۆیەوە ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە.
پارێزگاری هەولێر، ڕایگەیاند: "هێرشی یەکەم لە سەعات ٧:٣٠ی بەیانی ئەنجامدراوە. دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، بەڵام لە سەعات ٨:٤٠ خولەک و لە کاتی سەرقاڵبوونی تیمەکان بە کارەکانیان، جارێکی دیکە لە ڕێگەی درۆنی دووەمەوە هێرش کراوەتەوە سەر هەمان شوێن."
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد، زنجیرە هێرشەکان بەردەوام بوون و لە سەعات ١٠:٢٠ خولەکی پێشنیوەڕۆ بۆ جاری سێیەم درۆنێکی دیکە لە شوێنی ئاگرەکەی داوە. بە گشتی ٣ درۆن لە کۆگاکەیان داوە و درۆنێکی دیکەش پێش پێکانی ئامانجەکەی، لە ئاسماندا تەقێندراوەتەوە.