میلیشیاکان و ونبوونی سەروەریی عێراق
لەکاتێکدا ڕژێمی ئێران بەردەوامە لە بەکارهێنانی خاکی عێراق وەک گۆڕەپانی جەنگ و یەکلاکردنەوەی ململانێکانی، میلیشیاکانی سەر بە ڕژیمی ئێران لەژێر ناوی "حەشدی شەعبی" جارێکی دیکە بوونە ئامانجی بۆردومانی توند. ئەو هێرشانە ڕاستییەک دەردەخەن: کە ئەم گروپانە تەنها ئامرازێکی دەستی ڕژێمی ئێرانن و سەروەری عێراق لای ئەوان هیچ بایەخێکی نییە.
خاپوورکردنی کۆگاکانی چەکی میلیشیاکان لە ئەنبار و نەینەوا
بەپێی زانیارییەکان، لیوای ٥٧ لە ئەنبار و لیوای ٥٨ لە نەینەوا، کە هەردووکیان وەک پاشکۆی سەربازی ڕژێمی ئێران لەو ناوچانە جێگیرکراون، کراونەتە ئامانجی هێرشە موشەکییەکان. بۆردومانەکان کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی و کەرەستە لۆجستییەکانیانی بەتەواوی خاپوور کردووە. ئەو چەکانەی کە دەبوو بۆ پاراستنی نیشتمان بن، لەلایەن ڕژیمی ئێران بۆ هەڕەشەکردن لە بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان و تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە دابینکراون.
عێراق وەک قەڵغانێکی مرۆیی بۆ بەرژەوەندییەکانی ڕژیمی ئێران
ئەو ڕووداوانە ئەنجامی ڕاستەوخۆی دەستوەردانە تێکدەرانەکانی ڕژێمی ئێرانییە لە کاروباری ناوخۆی عێراق. ڕژیمی ئێڕان بە دروستکردنی ئەو میلیشیایانە و پڕچەککردنیان، عێراقی کردووەتە "قەڵغانێکی مرۆیی" بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆی. میلیشیاکانی حەشد نەک هەر نوێنەرایەتی گەلی عێراق ناکەن، بەڵکو وەک فەرمانبەرێکی گوێڕایەڵی سپای ترۆریستی پاسداران ڕەفتار دەکەن و هەموو بڕیارەکانیان لە ڕژیمی ئێران بۆ دێت.
مەترسییەکانی جێگیرکردنی میلیشیاکان لە ناوچە سوننەنشینەکان
جێگیرکردنی ئەو گروپە "وەلائیانە" (دڵسۆز بۆ ئاخوندانی ڕژیمی ئێران) لە ناوچە سوننەنشینەکانی وەک ئەنبار و نەینەوا، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر دانیشتوانی ئەو ناوچانە. بوونی ئەوان لەوێ نەک هەر بۆ پاراستن نییە، بەڵکو بووەتە هۆکاری ڕاکێشانی جەنگ و بۆردومانی ڕۆژانە بۆ ناو جەرگەی شارەکان. ڕژێمی ئێران بە ئەنقەست ئەم ناوچانە دەکاتە ئامانجی ململانێکان تاوەکو سەقامگیری بۆ ئەو پارێزگایانە نەگەڕێتەوە.