هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیە بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ڕژیمی ئێران لە عێراق.
لە پێشهاتێکی سەربازیی بێپێشینەدا و لە کاتێکدا گرژییەکانی
ناوچەکە گەیشتوونەتە ئاستیکی بەرز، ئاژانسی هەواڵدەریی "ڕۆیتەرز" ڕاپۆرتێکی هەستیار بڵاو
دەکاتەوە. بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، فڕۆکە جەنگییەکانی عەرەبستانی سعوودی لە
چوارچێوەی شەڕی ئەم دواییەی ڕژیمی ئێراندا، چەندین بنکەی گرنگی میلیشیا شیعەکانی سەر
بە ڕژیمی ئێران لەنێو خاکی عێراقدا کردووەتە ئامانج.
تێکشکاندنی بنکەی دڕۆن و مووشەکەکان
ئەو هێرشانە کە تا ئێستا بە نهێنی مابوونەوە، بە وردی ئەو
شوێن و بنکانەیان پێکاوە کە بۆ هەڵدانی دڕۆن و مووشەک لە نزیک سنوورەکانی
باکووری عەرەبستانی سعوودی بەکار دەهێنران. ئەم هەنگاوەی ڕیاز وەک وەڵامێکی
ڕاستەوخۆ بۆ ئەو هەڕەشانە لێکدەدرێتەوە کە لە خاکی عێراقەوە بەرەو ئاسایشی
نەتەوەیی سعوودیە دەهاویژران.
بەڵام ڕاپۆرتەکە لێرەدا ناوەستێت؛ سەرچاوەکان
ئاماژە بەوە دەکەن کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی ململانێکاندا، عەرەبستانی سعوودی و
ئیمارات لە وەڵامی هێرشەکانی ڕژیمی ئێران، تەنها بە لێدانی میلیشیاکان نەوەستاون،
بەڵکو چەند خاڵێکی ستراتیژییان لە نێوخۆی خاکی ئێرانیش پێکاوە.
هێرش بۆ ناوخۆی خاکی ئێران
ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە لە ستراتیژیی سەربازیی وڵاتانی کەنداو، قۆناغێکی
نوێ لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕژیمی ئێران دەردەخات و ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە
هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا خەریکە بە ئاراستەیەکی جیاوازدا دەشکێتەوە.