سزایەکی نوێ بۆ وریشە مورادی لە زیندانی ئێڤین
وریشە مورادی، چالاکوانی سیاسیی خەڵکی سنە کە لە بەندیخانەی ئێڤین گیراوە،
ڕووبەڕووی سزایەکی نوێی زیندان بووەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ"، دەزگای قەزای ڕژیمی ئێران بە تۆمەتی لکیندراوی
"پڕۆپاگەندە دژی حکوومەت"، سزای ٦ مانگ بەندکرانی دیکەی بەسەر ئەم چالاکوانەدا
سەپاندووە. ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم سزایە بەهۆی بڵاوکردنەوەی نامەیەک بووە لە
ساڵڕۆژی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا.
ئەو سزایە لە کاتێکدایە کە پێشتر وریشە مورادی بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەی
بەسەردا سەپێندرابوو، بەڵام دواتر لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە سزاکەی
هەڵوەشێندرایەوە و دۆسییەکەی گەڕێندرایەوە بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، وریشە مورادی لە گەلاوێژی ساڵی ڕابردووەوە لەلایەن هێزە
ئەمنییەکانەوە ڕفێندراوە و دوای چەندین مانگ شکەنجە و مانەوە لە ژووری
تاکەکەسی، ئێستا لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین دایە.