بنکە و کەمپی ئەندامانی سازمانی خەبات لە باشیک کرایە ئامانجی هێرشی درۆنی
باشیک – ۳٠ بانەمەڕی۱٤٠٥
شەوی چوارشەمە ۳٠ بانەمەڕی ۱٤٠٥ کەمپ و بارەگاکانی ئەندامان و بنەماڵەکانی "سازمانی خەبات" لە ناوچەی باشیک، بۆ چەندەمین جار لەسەر یەک کەوتنە بەر هێرشێکی دڕندانەی درۆنی رژیمی ئێران و بەکرێگیراوانی. ئەم هێرشە نوێیە لەکاتێکدایە کە لە ماوەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لە دژی ئێران، کەمپ و بارەگاکانی سازمانی خەبات بوونەتە ئامانجی چەندبارەی هێرش و هەوڵە تیرۆریستیە موشەکی و درۆنییەکان.
پەرەسەندنی ئەو هێرشە موشەکی و درۆنیانە نیشانەی ئەوەیە کە رژیمی ئاخوندی ئێران بەردەوامە لە حەزی شەڕخوازی ئاژاوەگێڕی و دەستتێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە.
ئەو هێرشانە، مەترسییە ئەمنییەکان لەسەر پەنابەران و بنەماڵەکانی نیشتەجێی کەمپەکان دەردەخات و پێویستیی دەستێوەردانی خێرای لایەنە پەیوەندیدارەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی گیانی ئەندامانی پەنابەران کوردی ئێرانی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە.