هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکان ئێعدامەکان تاوان دژی مرۆڤایەتین
لە کاتێکدا جیهان چاوی لەسەر ئاڵۆزییە نێودەوڵەتییەکانە، لە پشت
دیوارە بەرزەکانی زیندانەکانی ڕژیمی ئێراندا، شەپۆلێکی نوێی "کوشتاری بێدەنگ" دەستی
پێکردووە. هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران زەنگێکی مەترسیدار لێ
دەدەن: "ڕژیمی ئێران سێدارە وەک چەکێک دژی ئازادیخوازان بەکار دەهێنێت."
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە نوێترین
ڕاگەیەندراویدا، پەردە لەسەر ڕاستییەکی تاڵ هەڵدەداتەوە. ئەوان دەڵێن: ئەو
شەپۆلە نوێیەی ئێعدامانەی لە ئێستادا بەڕێوە دەچێت، تەنیا سزادان نییە، بەڵکوو
هەوڵێکی "سیستماتیکە" بۆ شاردنەوەی ئەو شکستە سیاسی و ئەمنییەتییانەی کە ڕێژیم
لە ئاستی ناوچەکە و جیهاندا تووشی بووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ڕژیمی ئێران لە کاتێکدا لە دەرەوەی سنوورەکان باس لە
ئاگربەست و دیپلۆماسی دەکات، لە ناوخۆی وڵاتدا جەنگی دژی گەلەکەی خۆی توند
کردووەتەوە. هاوپەیمانییەکە پێداگری دەکاتەوە کە نابێت کۆمەڵگەی جیهانی تەنیا وەک
"پێشێلکاریی مافی مرۆڤ" سەیری ئەم دۆخە بکات، بەڵکوو ئەمانە "تاوانی جەنگن" و
پێویستە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وەک پرسێکی بەپەلە باس
بکرێن.
خاڵی جەوهەریی ڕاگەیەندراوەکە ئەوەیە: هەر جۆرە ڕێککەوتن یان دیپلۆماسییەک لەگەڵ
تاران، ئەگەر پرسی "ئێعدام و سەرکوتی ناوخۆیی" تێدا نەبێت، تەنیا تەمەنی ئەم
دەسەڵاتە درێژ دەکاتەوە و دەستی ڕێژیم بۆ کوشتنی مرۆڤی زیاتر واڵا دەکات.
لە کۆتاییدا، هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکان داوا لە خەڵکی کوردستان و تەواوی
ئۆپۆزیسیۆن دەکات، کە یەکڕیزیی خۆیان بپارێزن. پەیامەکە ڕوونە: "تێچووی سێدارە بۆ
ڕیژیم هێندە بەرز بکرێتەوە کە نەتوانێت وەک پیشەی هەمیشەیی، پەنا بۆ پەتی سێدارە
ببات."