شەڕەتەقە و دۆخی نائاسایی لە سنە
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دەنگی تەقە دانیشتووانی
دەوروبەری مەیدانی ئیمام ڕەزای لە شاری سنە ڕاپەژاند. ڕووداوێکی چەکداری،
ناوچەکەی خستووەتە ژێر بارودۆخێکی توندی ئەمنییەوە..
بەپێی ئەو زانیارییە سەرەتاییانەی گەیشتوون، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێکی
جۆری "پژۆ پارس"ی سپی، لە کاتی تێپەڕبوونی لە بازگەی مەیدانی ئیمام ڕەزا، دەستڕێژی
گوللەی لە هێزە حکوومەتییە جێگیرکراوەکانی ئەو بازگەیە کردووە.
دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە، هێزێکی زۆری سەرکوتگەر و بەکریگیراوانی ڕژیمی ئێران لە شوێنەکە بڵاوەیان پێکراوە و
مەیدانەکە و شەقامەکانی دەوروبەری گەمارۆ دراون. ترس و دڵەڕاوکێ لای هاووڵاتیانی
ئەو گەڕەکانە دروست بووە و هاتوچۆ لەو ناوچەیەدا بە توندی کۆنتڕۆڵ کراوە.
تا ئەم ساتە، هیچ زانیارییەکی فەرمی لەبارەی ژمارەی کوژراو و بریندارەکان،
یان گرتنی کەسیک بڵاونەکراوەتەوە.