کارەساتی بژێوی و نەمانی توانای کڕین
ڕاپۆرتەکان لە شارەکانی ئێرانەوە باس لە گۆڕانکارییەکی
مەترسیدار لە شێوازی ژیانی هاووڵاتیان دەکەن. بەهۆی گرانیی بێوێنەی خۆراکەوە،
سفرەی ماڵەکان لە قۆناغی "خواردنی تەندروست و جۆراوجۆر"ەوە بۆ قۆناغی "تەنها
تێربوون بۆ زیندومانەوە" دابەزیوە. هاووڵاتیان دەڵێن کوالێتی و ڤیتامین چیتر
گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە سکێک تێر بکەن.
==================
ئەگەر لە ساڵانی ڕابردوودا گۆشتی سوور و ماسی لە لیستی کڕین
لادرابوون، ئێستا هێلکە و شیرەمەنی و تەنانەت میوەش خەریکە دەبنە کاڵایەکی
لوکس. زۆرینەی خەڵک پەنایان بردووەتە بەر "خۆراکە تێرکەرەکان" وەک ماکارۆنی،
پەتاتە و نانی سادە. ئامارە فەرمییەکان باس لەوە دەکەن کە تەنها لە ساڵی
ڕابردوودا نرخی شیرەمەنی زیاتر لە ١٦٠٪ و ڕۆن ٢٦٠٪ زیادی کردووە.
لەلایەکی تەرەوە، جیاوازیی نێوان داهات و خەرجی گەیشتووەتە ئاستێکی
ئەستەم. لە کاتێکدا مووچەی بنەڕەتی کارگەرێک نزیکەی ١٦ ملیۆن تمەنە، بەڵام تەنها بۆ
دابینکردنی "نان و پەنیر" بۆ مانگێک، خێزانێک پێویستی بە ١٥ ملیۆن تمەنە. ئەم دۆخە
وای کردووە خەڵک تەنانەت توانای کڕینی سەوزەواتی پلە دوو و سێشیان نەمێنێت.
ئێستا هاووڵاتیان لە نێوان دابینکردنی کرێی خانوو و کڕینی خۆراکدا،
تووشی بێ ئومێدییەکی قووڵ بوون و دەڵێن "ئاسۆیەکی ڕوون بۆ باشبوونی ژیانیان
نابینن".