. چیرۆکی دایکێک کە ٢٠ ساڵ
بەر لە ئێستا لە "بۆکان"ەوە بۆ دۆزینەوەی ژیانێکی نوێ چووە ئەفغانستان، بەڵام
ژیانەکەی بە گوللەی بەرپرسێکی تالیبان کۆتایی هات.
چیمەن حسەینزادە، کە لەوێ بە "بیبی چەمەنگوڵ" دەناسرا و وەک
مامایەکی میهرەبان خزمەتی خەڵکی ناوچەکەی دەکرد، تەنیا تاوانەکەی ئەوە بوو
کە نەیویست کچە ١٥ ساڵانەکەی، "سارا"، ببێتە قوربانیی هاوسەرگیرییەکی زۆرەملێ.
چیرۆکەکە لەوەوە دەست پێ دەکات کە "موفتی محەممەدوڵڵا"، بەرپرسی ئیدارەی حەج و
ئەوقافی تالیبان لە ناوچەی کووهستانات، چاوی بڕیبووە سارای تەمەن ١٥ ساڵ. ئەو
بەرپرسە ڕۆژی ١٨ی گوڵان چووەتە سەر ماڵی چیمەن خان بۆ ئەوەی بە زۆر سارا لەگەڵ خۆی
ببات.
بەڵام چیمەن، وەک هەر دایکێکی شێرەژن، ڕێگری دەکات. ڕێگە نادات کچە مێرمنداڵەکەی لە
ئامێزی بدڕێندرێت. بەرپرسەکەی تالیبانیش لە بەرانبەر ئەم "نا"یەدا، چەکەکەی
دەردەکات و دەستڕێژی گوللە لە دایک و کچەکە دەکات. هەر لەوێدا چیمەن و سارا
پێکەوە دەکوژرین.
دوای بڵاوبونەوی ئەو هەوالە، لە گوندی "کارێزە سەردار"ی سەر بە بۆکان،
تازیەی ئەم دایک و کچەیە. خێزانەکەیان دوای چەند هەفتە ئینجا بەم کارەساتە
یان زانی.
ئەمە تەنیا چیرۆکی کوشتنی دوو مرۆڤ نییە، ئەمە چیرۆکی قوربانیدانی دایکێکی کوردە لە
غەریبی، کە نەیویست شکۆی کچەکەی و مافی مرۆیی خۆیان پێشێل بکرێت.