لە هەنگاوێکی مەترسیداردا، سپای تێرۆریستی پاسداران بە فەرمی
داخستنی "تەنگەی هورمزی" ڕاگەیاند. ئەم بڕیارە کە وەک "تیرۆری ئابووریی جیهانی"
دەبینرێت، ڕێک لەو کاتەدا دێت کە ڕژێم لە ژێر فشاری مەرجە قورسەکانی ئەمەریکادایە
و بەرەو تەسلیمبوونێکی مێژوویی هەنگاو دەنێت.
هێزی دەریایی سپای پاسداران لە بەیاننامەیەکی کتوپڕدا هۆشداریی
داوەتە هەموو کەشتییەکان کە نابێت لە تەنگەی هورمز نزیک ببنەوە. ڕژێمی ئێران
هۆکاری ئەم هەنگاوە تێکدەرانەیەی بۆ "بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر
لوبنان" و "پەیمانشکێنیی ئەمەریکا" دەگێڕێتەوە. ئاژانسی "مێهر"ی سەر بە ڕژێم و
ئاژانسی ڕۆیتەرزیش ڕایەنگەیاند کە ڕژیمی ئێران بە فەرمی تەنگەی هورمزی وەک "ناوچەی
داخراو" ناساندووە.
شارەزایانی سیاسی پێیان وایە ئەم
هەنگاوە، هەوڵێکی "خۆکوژانەی" باڵی سەربازیی ڕژێمە بۆ پەکخستنی ئەو ڕێککەوتنەی کە
بڕیارە لە ٢٤ سەعاتی داهاتوودا واژۆ بکرێت. سپای ترۆریستی پاسداران کە دەبینێت "بەرەی
مقاوەمە" لە ناوچەکەدا هەرەسی هێناوە، دەیەوێت بە هەڕەشەکردن لە بازرگانیی
جیهانی و وزە، ئەمەریکا ناچار بکات لە مەرجە قورسەکانی پاشەکشە بکات.
سەرەڕای ئەم هەڕەشە توندانە، هێشتا هیچ سەرچاوەیەکی سەربەخۆ "داخستنی
فیزیایی" تەنگەکەی ڕانەگەیاندوە. ئەمە وەک "قومارێکی گەورە"
دەبینرێت؛ ئەگەر ڕژیمی ئێران ئەم هەڕەشەیە جێبەجێ بکات، ئەوا ڕووبەڕووی ئەو
"جێگرەوە کۆتاییە" دەبێتەوە کە دۆناڵد ترامپ ئاماژەی پێدابوو، کە ئەویش لێدانی
سەربازیی ڕاستەوخۆ و لەناوبردنی تەواوەتی ڕژێمە. جیهان ئێستا بە دڵەڕاوکێوە
چاوەڕێی کاردانەوەی توندی واشنتن و تەلئەبیب دەکات بەرامبەر بەم "تەحەدا
تێرۆریستییەی" تاران.