بەرپرسی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، هۆشداریی دا کە لێکتێگەیشتننامەی ئەمریکا و ڕژیمی ئێران، نابێت ببێتە پەردەیەک بۆ شاردنەوەی سەرکوتکارییەکانی نێوخۆ و دەربازبوونی ڕژیمی ئێران لە سزاکان.
ئەنیس کالامار ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی جۆزەردان، ڕایگەیاند کە کۆتاییهاتنی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ڕژیمی ئێران، بە واتای کۆتاییهاتنی مەترسییەکان بۆ سەر هاووڵاتییانی ئێرانی نییە.
کالامار ئاماژەی بەوە کرد، هەر جۆرە ڕێککەوتنێک کە تەنیا سەرنج بخاتە سەر بەرژەوەندییە سەربازی و ستراتێژییەکان و چاو لە پرسی مافی مرۆڤ بپۆشێت، ناپایەدار دەبێت. چونکە ڕژیمی ئێران لەژێر سێبەری ئەم دۆخەشدا لە گرتنی بەربڵاو، شکەنجە، دادگاییکردنی نادادپەروەرانە و لەسێدارەدانی سیاسی بەردەوام دەبێت.
بەپێی ڕاپۆرتی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە تا ئێستا، لانیکەم ٤٤ کەس لە ئێراندا لە سێدارە دراون و شەش هەزار کەسیش بە شێوەیەکی نایاسایی گیراوان.