هاوپەیمانیی هێزە کوردییەکان: ئیرادەی گەل کلیلی گۆڕانکارییە
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکی نوێدا، دوایین
هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە دۆخی سیاسیی ئێران و ناوچەکە ڕاگەیاند.
هاوپەیمانییەکە پێداگریی دەکاتەوە کە گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لە ئێراندا،
تەنیا لە ڕێگەی پشتبەستن بە هێزی خەڵک و یەکگرتوویی سیاسییەوە بەدی دێت، نەک
ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان.
===========
لە کۆبوونەوەیەکدا کە بۆ هەڵسەنگاندنی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران، ئەمریکا و
ئیسرائیل ئەنجامدرا، هاوپەیمانییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هەر جۆرە
لێکتێگەیشتن یان ڕێککەوتنێک لە نێوان ڕژیمی ئێران و ئەمریکا، ناتوانێت جەوهەر و
نێوەڕۆکی ڕژیمی ئێران بگۆڕێت. بە بڕوای ئەوان، ڕێژیم تەنیا لە یەک هێز
دەترسێت، ئەویش خەباتی بەردەوامی کۆمەڵانی خەڵکی نێوخۆی ئێرانە.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، کە دۆزی ڕەوای نەتەوەی کورد و باقی
نەتەوەکانی ئێران، تابعی هیچ جۆرە شەڕ و کێشەیەکی هەرێمی نییە.
هەرچەندە لاوازبوونی ڕێژیم لە ئەنجامی شەڕەکاندا دەبێتە یارمەتیدەر، بەڵام
چارەنووسی خەباتەکەیان بە شەڕ و ئاشتیی لایەنە دەرەکییەکانەوە گرێ نەدراوە.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکان نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە بەرامبەر بە زیادبوونی شەپۆلی
گرتن، لەسێدارەدان و هێرشە تێرۆریستییەکانی ڕژیمی ئێران بۆ سەر حزبە
کوردستانییەکان لە هەڕێمی کوردستان؛ بەڵام ڕایدەگەیەنن کە ئەم فشارانە
نابنە هۆی کۆڵدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد.
لە کۆتاییدا، هاوپەیمانییەکە بانگەوازی یەکگرتوویی، پەرەپێدانی کاری هاوبەش و
بەرزکردنەوەی ئاستی چالاکییە مەیدانی و میدیاییەکان دەکات، وەک تەنیا ڕێگە بۆ
بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد و ڕووبەڕووبوونەوەی بێهیوایی.