وەزارەتی ناوخۆی قەتەر ئاماری نوێی ئەو تەقینەوەیەی بڵاوکردەوە کە ناوچەی پیشەسازیی
"ڕەس لفان"ی هەژاند، کە بە گەورەترین ناوەندی بەرهەمهێنانی گازی سروشتیی شلکراوە لە
جیهاندا دادەنرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکان، بەهۆی ڕووداوەکەوە ٥٤ کەس بریندار بوون و تا ئێستاش
چارەنووسی ١٨ کەسی دیکە نادیارە و بێسەروشوێنن. لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاماژە بەوە
دەکەن کە تیمەکانی فریاگوزاری بەردەوامن لە گەڕان بەدوای بێسەروشوێنەکاندا.
سەبارەت بە هۆکاری ڕووداوەکە، وەزارەتی ناوخۆی قەتەر ڕایگەیاندووە کە تەقینەوەکە لە
ئەنجامی "تێکچوونێکی تەکنیکی ناوخۆیی" بووە لە یەکێک لە کارگەکانی ناوچەکەدا.
هەروەها دڵنیایی داوەتە هاووڵاتیان کە هیچ جۆرە دزەکردنێکی گاز یان ماددەی
مەترسیدار ڕووی نەداوە کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر سەلامەتی گشتی.
ئەم ڕووداوە کە ئێوارەی یەکشەممە دەستی پێکرد، کاردانەوەی زۆری لە میدیا
جیهانییەکاندا هەبووە، بەوپێیەی ناوچەی ڕەس لفان شا دەمارێکی گرنگی وزەی
جیهانە.