هەوڵێکی نوێ بۆ سڕینەوەی سیمبۆلە کوردییەکان و ناسنامەی شار
لە درێژەی سیاسەتەکانی دژ بە
ناسنامەی نەتەوەیی لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتی ، ئەمجارە شاری بۆکان بووەتە ئامانجی
پلانێکی نوێی دەزگا ئەمنییەکانی ڕژیمی ئێران بۆ سڕینەوەی ناوە کوردییەکان لە بازاڕ و شوێنە
گشتییەکاندا.
====================
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان ئیدارەی
ئیتڵاعات، ئەماکێن و بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی شار، بڕیاری لابردنی ئەو ناوانە
دراوە کە ڕەهەندی نەتەوەیی و کوردستانییان هەیە. ئەو ناوانەی کە خراونەتە لیستی
ڕەشەوە بریتین لە: «کوردستان، پێشوا، نیشتمان، قەندیل و ڕاسان». هەرچەندە هەندێک لە
ئەندامانی ئەنجومەنی شار هۆشدارییان لە تووڕەیی خەڵک داوە، بەڵام جێبەجێکردنی
بڕیارەکە دەستی پێکردووە. وەک یەکەم هەنگاو، ناوی تابلۆی فرۆشگایەک لە شەقامی
«موحەممەد ڕەسووڵوڵڵا» لە «ڕاسان»ـەوە بە ناچاری گۆڕدراوە بۆ «ئاسان».
===================
چاودێران پێیان وایە ئەم هەنگاوە تەنها گۆڕینی ناوێکی
سادە نییە، بەڵکو درێژەی سیاسەتی "پاکتاوی کەلتوورییە" بۆ لاوازکردنی سیمبۆڵە
نەتەوەییەکان لە ناو دڵی شارە کوردییەکاندا. ئەم هەوڵانە لە کاتێکدایە کە ناسنامەی
کوردی لە ناو ویژدانی گشتیی خەڵکدا ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبێت.