کۆبوونەوەی APPG لە پەرلەمانی بریتانیا بۆ هاوپەیمانی حزبەکانی کوردستانی ئێران
لە دووشەممە، ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، لە پەرلەمانی بریتانیا، گروپی پەرلەمانی هەموو پارتەکان بۆ کوردستانی ئێران (APPG) بە هاوکاری بەڕێز رزگار ئالانی، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بۆ نوێنەرانی حزبەکانی هاوپەیمانی کوردستانی ئێران ڕێکخست.
کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی هەردوو پەرلەمانتار، جۆن سلینگەر و ماری گلیندۆن، ئەندامانی گروپی دۆستایەتی پەرلەمانتاران بۆ کوردستانی ئێران، بەڕێوەچوو. لە سەرەتادا، داوا لە نوێنەرانی حزبەکان کرا ڕوونکردنەوەی زیاتر لەسەر هاوپەیمانی حزبەکانی کوردستان، دۆخی گشتی ئێران و کوردستان، و کاریگەریی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەکی تر پێشکەش بکەن.
نوێنەرانی حزبە هاوپەیمانەکان لە وتارەکانیاندا جەختیان لەسەر گرنگی هاوپەیمانیی نێوان حزبەکانی کوردستان کردەوە و ئاماژەیان بەوە دا کە ئەم هاوپەیمانییە یەکەم هەنگاوی جددییە بۆ دروستکردنی دەنگ و هەڵوێستێکی یەکگرتوو لە ئاستی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی. هەروەها جەختیان لەسەر پێویستی یەکگرتوویی هێزە دیموکراتخوازەکان بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران کردەوە.
لە بەشی وتارەکاندا، بەڕێز رزگار ئالانی (نوێنەری حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران - PDKI)، گولزار ئەلماسی (نوێنەری کۆمەڵەی زەحمەتکیشانی کوردستان)، هادی ڕەسوڵزادە (نوێنەری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکیشانی کوردستانی ئێران)، ئارام رەسولی(نوێنەری سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران )،ڕزگار ڕەوشەنی (نوێنەری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان - PJAK) و سەید وەفا ڕوستەمزادە (نوێنەری پارتی ئازادی کوردستان - PAK) قسەیان کرد و دیدگا و هەڵوێستەکانی حزبەکانیان لەسەر دۆخی ئێران، کوردستان و گرنگی هاوپەیمانی حزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران خستنەڕوو.
ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی پەرلەمان و نوێنەرانی هەموو حزبە سیاسییەکانیش بەشدارییان لەم کۆبوونەوەیەدا کرد.
لە کۆتاییدا، ئەم کۆبوونەوەیە بە هەنگاوێکی گرنگ هەژمار کرا بۆ بەهێزکردنی دەنگی هاوبەش، پێشخستنی هاوپەیمانی حزبەکانی کوردستانی ئێران، و نیشاندانی یەکگرتوویی لە بەرامبەر ڕووداوە سەرەکییەکانی ئێران. بەشداربووانیش پشتیوانییان لە بەردەوامیی ئەم جۆرە کۆبوونەوانە و پێشبردنی هەماهەنگیی سیاسی دەربڕی.