شه‌ممه‌ 

3 سه‌رماوه‌ز 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

گەشتیک بە شنەی شەماڵەوە

گەشتیک بە شنەی شەماڵەوە
ک . ح . رێبوار

من هەست و سۆزی ڕیبواری ڕێی شەهیدانم، بەنیازی گەشتێکی ناو نیشتمانم!

(په‌‌‌خشان  ک . ح . رێبوار)

من هەست و سۆزی ڕیبواری ڕێی شەهیدانم، بەنیازی گەشتێکی ناو نیشتمانم!

سوار شەپۆلی شنەی شەماڵ بووم، شنەی شەماڵی ئازادی!

بە بێ وچان و چاو لێک نان، دەبڕم چڕ و خڕ و دۆڵان. گەویە و لاپاڵ، سەربستو  و چاڵ. لێڕه‌‌‌و لانواڵ. نزار و دەشت، هەوراز و لێژ، لاپێ و پێدەشت. بست بە بستی نیشتمانم، کوردستانی زێدە جوانم، سەرنج دەدەم، لێی دەڕوانم. وەک هەنگی شەیدای رووی گوڵان، وەک هوزاری عەشقی چڵان، بەدوای شیلە و گوڵ دا وێڵم، گشت شوێنێک بە چاو دەکێڵم. تاچاو بڕکا لێی دەڕوانم، ئای چەند جوانە کوردستانم!.

شەیدا و سەرمەست، بی ترس و خۆف ،بەبێ دەربەست. سەرنج دەدەم سەروخواری، لە گوند و باژاڕ و شاری. بەلەز دەبڕم چۆڵ و هەردان، جاڕ و بوورە و ملەو زەردان. شانە دەکەم بسکی گیا و گۆڵ، لە سەریان دەسڕم خاک و خۆڵ. کەویە بەفران دەتارێنم، گەزیزە و نێرگز دەدوێنم. بە باراناوی بەهاری، لە ئاسمانی کوردەواری. گیان دەدەم بە شیوەڵک و خڕ، پڕ ئاو دەکەم جۆگە و لادڕ. چرۆ دەکەمە دیاری داران،بە برووسکەی هەور و نمەنمەی باران. دەدرەوشێنمەوە سروشت و جوانی، بە ژیان دەبەخشم دیاری یەزدانی. دارستان بڵێ بەستوە گۆرانی،سروشت هەر بۆ خۆی ببی حەیرانی!.....                                                 

لە سەر پشتی شەماڵەوە، لە ناو دەریای خەیاڵەوە.لە گشت نیشتمانم روانی، هیچم نەدی بێجگە جوانی!.

لە زۆر شوێن گوڵزارم دەدین، رازاوە و جوان،سەرسەوز و شین. رادەژان، دەلارانەوە، بە شنەی شەمال دەشنانەوە. جاڕە گوڵی میلاقەی سوور، تا چاو بڕکا دیار بوون لەدوور. لە هەر بن بەرد و دەوەنێ،لە داوێنی هەر بەندەنێ!، لە گۆڕستانی هەر گوندی، لەهەر بەرزی و لوتکە و دوندێ!. گوڵان لە یەکتر بوونە کۆڕ،بوونە پەرژینی دەوری گۆڕ. گۆڕی شەهیدی رزگاری، کیژو کوری کوردەواری!. ویستم بپرسم لە شەماڵ، گەییم بە پیرێ کۆنە ساڵ!. پووشاکێکی دڕاو لەبەر، کۆنە کڵاوێکی لەسەر!. چاویلکێکی شیشە لە چاو، وەکاز بەدەست و پشت چەماو!.تەسبیحێکی هەزار دانە، لە ملیا بۆتە گەردانە!. پرچی درێژ و پەرێشان، هەمبانەێکی کۆن لە شان!. نوورانێک بە بیر و ژیر، ماندو و شەکەت، کەنەفت و پیر!.                                            

گازی کردم: هۆۆۆ شەماڵ سوار!، لەو بەرزاییە نایەیتە خوار؟! بۆ هێند بە پەلە و تاڵووکەی؟، بۆ کوێ دەڵیی گیژەڵووکەی؟!.لە دوای چی عەوداڵ و وێڵی؟، جۆڵ و ڕەقەنان دەکێڵی؟!. بەم بەهار و خاکەلێوە، لەم چۆڵ و هەڵدێر و کێوە. بەسوار باڵی شەماڵەوە، کەوتویە ناو خەیاڵەوە؟!.

 ڕۆڵەم!

 پەلە پەلی ناوێ، لادە لای مامی خۆت تاوێ!. بزانم چت لە دڵ دایە، کوێت قۆناغە و چت تەمایە؟!.

چوومەلای وەستام بە پێوە، سڵاوم لێکرد لە ڕێوە. وتم: پیری خاوەن بیر و هەستم، عەوداڵم لە شوین مەبەستم!.لە پەڕتووکێک دەگەڕێم کە هەموو دەرد و ژانی لێوەخوێنم. وەک ئاوێنەێکی باڵا نوێن،مافی گەلمی  تیا بنوێنم!. پەڕ بە پەری هەڵدەمەوە و ، باس بە باسی لێکدەمەوە. دەردو ژانی بی بەشانی تیا تۆمار بێ،بە بارتەقای رەنجی گەلێکی هەژار بێ!. پەڕکانی هێندەی کوردستان بەرین بن، باسەکانی وەک ئاوری نەورۆز بە تین بن. بە ئەشک و خوێن نوسرابنەوە، پیت و ووشە و ڕستەکانی وەکو هەڵبەستی  نەوەستی، بە خامەی گەڵ خۆشەیستان هۆنرابنەوە. سەردێڕی  گشت باسەکانی، بە ووشەی شەهید ڕازابنەوە. دەمەوێ بچمە سەر لوتکەی بەرزی نیشتمانم، تا لەوێوە پڕ بە سۆمای چاوەکانم،لە گشت لاێکی بڕوانم.وەک عەسەس و پارێزەرێک، وەک چاودێر و خەم لەبەرێک. ببم بە دەنگیکی وەها، هیچ دەنگێک باشاری نەکا!. ئەی پیری ژیری کۆنەساڵ!. دە پێم بڵێ بەزمانی حاڵ. لە کوێ بێنم ئەو پەرتووکە،چۆن وەیدۆزم ئەو نەینووکە؟! [١]                                       

لێم هاتە جواب ئەو لالۆی پیر، وتی: گوێت رادێرە وەک ژیر. ئەوەی تۆ بەدوایدا وێڵی،هەرد و چیای بۆ دەکێڵی!. ئەوە منم، مێژووی وڵات!، باسی فیداکاری و خەبات!. دووچاوی منن ئاوینە، چیت دەوێ لێیان وەخوێنە.باسی دەردی کوردەواری، مێژووی شۆڕشی رزگاری. ماڵ وێرانی و دەربەدەری،فیداکاری و دەردی سەری. تێک شکان و ڕاسانەوە، نسکۆبردن، هەستانەوە!. ماڵ بە کۆڵی، ژینی چۆڵی. گریە و ناڵە و پاڕانەوە، لە رووی دژمن وەستانەوە. بە رۆژ لە زەندۆڵان خزین، بە ساڵ لە زیندان دا تەزین،خۆ نەدرۆڕاندن ،نەبەزین. سەنگەر و سێرە گرتنەوە، بەرووی نەیار دا چونەوە. هەموو لەلام هەڵگیراون لەسەر پەڕەی دڵ نووسراون!. لێم وەر پێش، تێمڕامینە، چیت پێویستە لێم وەخوینە. شیرینترین باسەکانم،تۆماری ناو پەرەکانم. لێی ڕامینە دانەدانە،باس و خواسی شەهیدانە. لێم وەخوێنە هەر لە جێوە، باسی شازدەی خاکەلێوە!. رۆژی شەهیدانی خەبات، هەر خەباتە رێگای نەجات.                                                                

کە سەرنجم دا و لێم ڕوانی، لە گشت ڕستەو دێڕەکانی.گشت نوسرابوون بە خوێنی سوور،دەدرەوشانەوە دوور بە دوور.باسی شه‌‌‌هید، خوێن و خەڵات، ئاسۆی دووری روونی وڵات.کە کردمەوە بە ڕیکەوت، داستانێکم چاو پێکەوت!. لە باسی یەکشەوەدا نووسرابوو: وشە حەوت و ڕستە حەوت و باس حەوت، سێرە حەوت و سەنگەر حەوت و گیان حەوت. کاروانی گیانفیدایان لێرە خەوت!.بەخویندنەوەی ئەم ڕستانە، لەم بەسەر هات و داستانە. من و شەمال و لالۆی پێر، بەم ووشانە خۆمان کرد ژیر:                                        

هۆ یەکشەوە! بووکی ناو کەژاوەی سووی موکریانم!. شەرمن مەبە، لە ژێر تارای گوڵاڵەی ئەم بەهارەدا،سەرهەڵبڕە.وەک زامی جەستەی شەهیدان، دەمت وەکە و دەنگ هەڵبڕە. بڵی ئەی گەل!. خەنەی دەستم خوینی سووری لاوەکان بوو، بەهار نارنجی سەر سەرم، کفنی ئاڵی شەهیدان بوو!.                        

 [١] ــ  نەینووک، واتە ئاوێنە

 


4 ساڵ و 7 مانگ و 15 ڕۆژ و 11 کاتژمێر و 43 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

گەشتیک بە شنەی شەماڵەوە

گەشتیک بە شنەی شەماڵەوە



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن