‎خەباتمێدیا: سایتی خامنەیی ڕۆژی ۲٨ی خاکەلێوە، لە ئاگاداریەکدا کە لە سایتێکی تایبەت بە بەرەنگاربونەوەی پەتای کۆڕۆنا بڵاوکراوەتە، خامنەیی داوای یارمەتی لەخەڵکی هە
خەباتمێدیا: سایتی خامنەیی ڕۆژی ۲٨ی خاکەلێوە، لە ئاگاداریەکدا کە لە سایتێکی تایبەت بە بەرەنگاربونەوەی پەتای کۆڕۆنا بڵاوکراوەتە، خامنەیی داوای یارمەتی لەخەڵکی هەژار کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا. بنکەی زانیاری دەفتەری خامنەیی لەم سایتەدا لایەنی هاوکاری ویارمەتی ئابوری بۆ توشبوان و زیان پێگەیشتوانی کۆڕۆنای خستۆتە بەرباس، و ئادرەسێک دیاری کراوە بۆ ئەوەی کە ئەگەر کەسێک بیهەوێ هاوکاری بکات سەردانی ئەو ئادرەسە بکات،و ئەم یارمەتیانە لە ژێر چاوەدێری سایتی خامنەیی دەبێ. ڕژیمی ئێران لە هەموو قۆناغێکدا کۆسپی خستۆتە بەردەم ڕێکخراوە مەدەنیەکان کە بۆ یارمەتی وەرگرتن لەخەڵک کەمپەین و گروپیان پێک هێناوە. هاوکات خۆیان بەردەوامن لە بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی خەڵک و وڵاتەکەیان، و تا ئێستا چەندین جار لەلایەن کەسانی ناسراو و دەسەڵاتدار لە ناوخۆی وڵات و تەنانەت وڵاتانی ئوروپای و ئامریکاییەوە ئاگادار کراونەتەوە کە ئێستا کاتی ئەوەیە سەرمایەکانیان بۆ یارمەتی خەڵکی زیان پێگەیشتو خەرج بکەن، و داهاتی دزراویان بۆ بگەڕێننەوە، بەڵام وەک هەمیشە خەڵکی ئێران لە سەروەت و سامانی وڵاتی خۆیان بێبەشن. ئەمە لەکاتێکدایە کە ئامریکا بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆڕۆنا، یارمەتی سەد وڵاتی داوە و حەوت لەو وڵاتانە لەدراوسێیانی ئێران بوون، هەروەها پێشنیاری یارمەتی بە ئێرانیش داوە بەڵام لەلایەن دەسەڵاتدارانی دێکتاتۆری خامنەیی ڕەدکراوەتەوە. بە پێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، ئەو وڵاتە ٥۰٨ملیۆن دۆلاربۆ بەڕەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید ۱۹ی خەرج کردووە کە ٦٥ملیۆن دۆلاری بۆ یارمەتی وڵاتانی دراوسێ ئێران بووە. هەریەکە لە وڵاتانی عێراق، ئەفغانستان، تورکمەنستان ،پاکستان، ئازەربایجان،تورکیە و ئەرمەنستان یارمەتیان لە ئامریکا وەرگرتووە. وەزیری دەرەوەی ئامریکا وتی: ئێران بە چەندین جار ئەم پیشنیارەی ئەمریکای ڕەد کردووەتەوە وخەڵکی ئێران قوربانیانی سەرەکی ئەم بڕیارەی ڕژیمن. مایک پەمپئۆ لە درێژەی قسەکانی دا دەڵێت: تەنانەت ئێمە پیشنیارمان کردووە کە ئەگەر یارمەتی لە ئێمە وەرناگرن،لە ڕێگای وڵاتانی ناوچەکە دەکرێ ئەم یارمەتیەیان پێ بدرێ، بەڵام تا ئێستە ڕژیم قەبوڵی نەکردووە و پاراستنی گیان و ماڵی خەڵکی بۆ گرنگ نەبووە.