کێن ئەوانەی فرەحیزبی بە بەڵا دەبینن بۆ کوردستانی رۆژهەڵات!
عەلی بەهرامی
بە حوکمی پێکهاتە و جیاوازیەکانی کۆمەڵگەی کوردستان حیزبی جیاجیایش لە چەندین دەیە لەوەپێشەوە بوونیان هەیە و چالاکی دەکەن و هەر لایەنە بە پێی توانا و
عەلی بەهرامی
بە حوکمی پێکهاتە و جیاوازیەکانی کۆمەڵگەی کوردستان حیزبی جیاجیایش لە چەندین دەیە لەوەپێشەوە بوونیان هەیە و چالاکی دەکەن و هەر لایەنە بە پێی توانا و هێزی خۆی دەوری هەیە لە خزمەت بە بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستانی ئێران و بەرەنگاربوونەوەی هێزە داگیرکەرەکانی کوردستان. بەڵام لێرەو لەوێ ئەو فرەحیزبیە بە بەڵا بۆ بزوتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێران پێناسە دەکرێ، بەتایبەت بۆ قۆناغی رزگاری!.
ئەگەر سەیرێکی رابردووی خاوەن ئەو بۆچوونە بکەین بە دوو راستی دەگەین، کە ئەوانەی وا بیر دەکەنەوە خوێندکارەکانی بلوکی شەرق و دەسەڵاتە کۆمۆنیستەکانن، چوونکە لە بلوکی شەرق و وەڵاتانی کۆمۆنیستی دا جوێ لە حیزبی کۆمۆنیستی دەسەڵاتدار هیچ حیزبێکی دیکە رێگەی چالاکی پێ نەدەدراو لەو وەڵاتانەدا سیستەمی تاک حیزبی کاری پێکراوە. یان ئەوەی کە ئەو بەرێزانە تووشی نەخۆشی خۆبینی بوون، نەخۆشیەک کە چەندین ساڵ لەپێناو سڕینەوەی ئەحزابی دیکە شەری کوردکوژیان هەڵگیرساند و بۆ سرینەوەیان شەری سەرتاسەریان رادەگەیاند و بە سەدان رۆڵەی تێکۆشەری کوردیان کردە قوربانی، تەنیا بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە هەر ئەوان بوونیان هەیە و جوێ لەوان کەسی دیکە بۆی نیە لە رووداوەکانی کوردستانی ئێراندا قسەی هەبێ.
هەر دوو روانینگەکە هەڵەیە و کاتیان بەسەر چووە، لە هەر شوێنێک شنەبایەکی ئازادی هەڵی کردبێ ئەحزابی کۆمۆنیستی داڕماون و تازە دەروێشەکانیان ناتوانن لە کوردستان ئەو دوکان و بازارە وەرێخەنەوە.
هەروەها خۆسەپێنی و تاکرەوی و قەبووڵ نەکردنی جیاوازیەکان هۆیەکی دیکەبوون بۆ ئەوەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان نەتوانن متمانە بە تەنیا یەک یان دوو حیزب بکەن، هەر بۆیە ئەحزابی دیکەش پێکهاتوون و دەوری خۆیان گێڕاوە لە بزوتنەوەی کورد لە ئێراندا.
ئەوانەی ئەو فرە حیزبیە بە بەڵا سەیر دەکەن ئەوانەن کە تا ئێستاش ناتوانن هەزمی ئەحزابی جوێ لە خۆیان بکەن و هەستی تاکرەوانە بەری نەداون، هاوکات هۆی پاشەکشە و دێژبوونەوەی ماوەی شۆرش و ناسەرکەوتووییان لە رێبەریی کردن و پرشوبڵاوی و لێکترازانەکان کە خۆیان هۆی سەرەکی بوون بچەسپێنن بە مەسەلەی فرەحیزبی و فرەرەنگی لە کوردستان.
پرسیار ئەوەیە کە بەبوونی ئەم فرەییە چۆن دەکرێ هێز و تواناکان سەر یەک خەینەوەو خزمەتی پرسی نەتەوەیی پێ بکەین؟ چارەسەری ئەوان و تێکرای پێکهاتەی بزوتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێران بەخۆداچوونەوەو قەبووڵی جیاوازیەکان و خۆ ئامادەکردنە بۆ کارکردن لەگەڵ لایەنە جیاجیاکان.
ئەوەی لە ناوەندی هاوکاری بینرا و هۆی شکستی کاری ئەو ناوەندە بوو، درێژەدان بەو هەستە زیانبارانە بوو، سازمانی خەبات پێی وابوو کاری دروست و بەجێ ئەوەیە کە تێکڕای هێزە شۆرشگێڕەکانی کوردستانی ئێران لەو ناوەندەدا بەشدار بن و ناوەندی هاوکاری کۆکەرەوەی تێکڕای هێز و تواناکان بێ بۆ دژایەتی رژیمی ئێران و یەکدەست کردنی خواست و داواکانی کورد و دروست کردنی ئادرەسێکی بەهێز رووبە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و لەسەر ئەساسی رێکەوتن و تەوافوق درێژە بە کاری هاوبەش بدەن. سازمانی خەبات پێی وایە قۆناغی رزگاری تەنیا بەشێکە لە کاری حیزبی و لە دوای قۆناغی رزگاریش حیزب کۆتایی بە کارەکانی نایەت و ئەرکی دیکەی دەکەوێتە سەر شان و دەتوانێ دەوری گرینگ لە پێشخستنی کۆمەڵگەی کوردستاندا بگێڕێ. کە وایە بە هەندێ تەوازوع و دابەزین لە لووتبەرزی دەکرێ کەڵکی تەواو لەو فرەییەی ئێستا وەرگیرێ.
ئەوەی تا ئێستا بووە بە بەڵا بۆ بزوتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێران، هەستی خۆبینی و خۆسەپاندن و تاکرەوی و قەبوڵ نەکردنی جیاوازیەکانە نەک فرەحیزبی و فرەرەنگی.