زێنهب حسینی
دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان لە لایەن تێکۆشەری کورد و سەرقافڵەی کاری ڕۆژنامەگەری میقداد مەدحەت بەدرخان، کە ڕێکەوتە لەگەڵ ڕۆژ و مانگ وساڵی 22ی 4ی 1898 ڕۆژێکی دیرۆکی و خاڵێ دەسپێکی خۆ ڕێکخستنەوەی نەتەوەکەمانە لە باری کاری نووسین و خوێندن و تەنانەت میدیاوە بە گشتی، بەم پێیە ڕێزگرتن لەو ڕۆژە و بیرهێنانەوەی فیداکاری و لە خۆبووردویی گەورە مرۆڤانی کورد، ئەرکێکی نەتەوەییە و پێویستە ئەم بۆنە زۆر بەشکۆ و لە دەرفەتی گونجاودا ڕێزی تایبەتی لێبگیردرێ و هەتا بکرێت کۆڕو سمینار و شادی و کەرنەڤاڵی بۆ ڕێک بخرێت. یەکێک لە شاکار و کارە باشەکانی تێکۆشەرانی نەتەوەکەمان، گرینگی دان بە ڕۆژنامە و پێش خستنی ئەم ڕەوتەیە. لە مێژوودا ڕچەشکێنی، ڕچەشکێنانی ئەم بارە گرینگەی بەکارخستنی چەمک و چەرخی ڕۆشنبیری تاک و کۆمەڵ لە ڕێگەی ڕۆژنامە و میدیاوە، ناو و یاد و بیریان دەکاتە ئاوێنەی باڵانوێنی نەتەوەێکی کۆڵنەدەرە، کە لەگەڵ هەموو بێمافی و چەوسانەوەێک، هەوڵی خۆی داوە لە جیهانی پێشکەوتوو، دوانەکەوێ و نەتەوەکەمان پێش بخەن. سەرەتای کارو بڵاو کراوەکانی ڕۆژنامەی کوردستان، ئەگەرچی بۆ خوێندن و فێربوونی زمانی کوردی بوە لە ناوەوەی کوردستان، بەڵام پەلو پۆی مەزنی هاویشت و سەرجەم بوارەکانی گرتەوە. وەک ئاشکرایە ڕۆژنامەی کوردی هەمیشە سەکۆیەک بووە بۆ گەیاندنی پەیامی کورد لە ناوخۆ و دەرەوە، پەیامی ئازادی و سەربەخۆیی و بەرزکردنەوەی ڕۆح و هەستە نەتەوەییەکان.
نوسەرانی ئەودەم بە ناوی خوازراو و بە نهێنی لاپەڕەکانی ڕۆژنامەی کوردیان پڕدەکردەوەو پەیامی نەتەوەیی و خەباتی کوردیان بۆ مافە ڕەواکانی دەگەیاندە لوتکە، بێ گوێدانە ئەوەی کە داخوا ناویان و وێنەیان لە لاپەڕەکان دەدروشێتەوە، ئەو هەستەو دێڕ بەدێڕی نوسینەکان ئامانجی گەورەیان لە پشت بوو، نەک خۆ هەڵنان و خۆ دەرخستن و نیشاندانی دەست و بازوو و کێبڕکێی ڕۆشنبیری..... بۆ کورد کە تا ئێستاش بە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانی نەگەیشتووە، لە هەر دەرفەتێک کەڵک وەردەگرێ و دەربڕینی هەستی نەتەوەیی و هاندانی گەل بۆ گەیشتن بەو ئامانجە لە مێژینە، لە ڕێی ڕۆژنامەو بڵاو کراوەکان، چ پێشتر و چ ئێستاش لە ڕیزی کارە سەرەکیەکانیەتی. لە سەرەتای دامەزرانی ڕۆژنامەی کوردی، نوسەرو خوێنەری کورد، لە لوتکەی سود وەرگرتن و چێژی خوێندن دا بووە و هەنگاوەکانی خەباتی لە لاپەڕەکانی ڕۆژنامەی کوردی بە ئیلهام وەرگرتوە. خەباتی کورد، لە ڕێی هۆنراوەو نوسراوەی بەپێزو پڕ نیوەڕۆک و حەماسە خوڵقێنی نوسەرانی ئەودەم، وەک ئاوەنگی بەیانیان لەسەر دڵی هەر تاکێکی کورد دەنیشتەوە. هەر وەک باسکرا ڕۆژنامەی کوردی لە سەرەتای دامەزرانیدا زۆرتر بۆفێر بوون بووە و دوابە دوای ئەوە بووە بە وێستگەی هەستە پەنگ خواردوەکانی کوردو خەباتگێڕەکانی. ڕۆژنامەی کوردی لەم سەردەمەدا زۆرتر ڕەخنە هەڵدەگرێ تا پێدا هەڵگوتن، هەرکات نوسراوەکان پەیامی خۆیان نەگەیاند و نەبونە هەوێنی پێشکەوتنی ڕەوڕەوەی کاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و دادپەروەری ....... ئەوە لایان داوە لەو ڕەوتە لە مێژینەی کە کورد هەوڵی بۆ داوەو تێکۆشەرەکانی خۆیان بۆ ماندوو کردووە. تێکدانی زمانی کوردی و داتاشینی وشە گەلێک کە خەریکە زمانەکە دەشێوێنێ و لە گرێژنە دەردەچێ، لە گۆڕنانی یەکێک، لە ئامانجە لەمێژینەکانە.... کاتێک نوسین لە خواست و بەرژەوەندی کوردی لایداو قەڵەم بۆ پارەو پول کەوتە کار، ئەویش بە لە گۆڕنانی ئامانجە لە مێژینەکان ئەژمار دەکرێ..... کاتێک نوسراوەو بڵاو کراوەکانی کوردستان، وەڵامدەرەوەی ویستی منداڵ و مێرمنداڵی کوردنیە و زمان و نوسراوەی دەرەکی جێگرەوەی بێت، ئەوە لە گۆڕنانی ئامانجە لە مێژینەکەی کوردە........ ڕۆژنامەگەری کوردی لەم دوو دەیەی کۆتایدا، زۆرتر بۆتە جێگەی ڕەخنەو ڕەخنەگرانی زمانەوانی، نەیان توانیووە وەک پێویست کاریگەری دانێن و نەهێڵن ئەو هەمووە هەڵە زمانەوانیە ڕوو لە هەڵکشان بێ و بگرە هەتا دێت ڕێڕەوی دەربڕین و نوسینی کوردی ئاڵۆزبووە و داتاشینی وشەی نامۆ جێتر دەگرێ...... ڕژیمە یەک لەدوایە یەکەکانی دیکتاتۆریی دەسەڵاتداری ملهوڕ، بە هەلی دەزانن و ڕێیان بۆ ئەو هەمووە زیانە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیە کوردیە خۆش کردوەو ئەوە ئامانجیانە کە زمان و ڕێنوسی کوردی بەلاڕێدا بچێت. لە ئێستادا بەشێک لە خوێندەواری کورد و ڕۆژنامەنوس، لە مۆدێلی ناو زڕاندن و سوکایەتی بە هاوزمان و نەتەوەی خۆیان، بە ئازادی ڕادەربڕین ناو دەبەن و کردویانەتە سەبک ومیتۆدی پێشکەووتن و ڕەوتی ئاسایی ڕۆژنامەگەری. ڕەخنەی دروست و گەشەی فکری تا ئەندازەیەک کاڵ بۆتەوەو هەمووی بۆتە ڕوبەڕووبونەوەو وەڵامدانەوەی بەرامبەر، بە مەبەستی ووردو خاش کردنی یەکتر. بەدڵنیای ڕژیم و دەسەڵاتەکانی حاکم بەو شێوە کارکردنەی بەشێک لە ڕۆژنامەگەری کورد دڵخۆشن و لە هەر جۆرە درزێک سود وەرگر ئەگرن و هەوڵی چەواشەمان دەدەن.... باشترین چەکی دژە پیلانی ناحەزانی نەتەوەکەمان ،شکڵدان بە ڕۆح وکاکڵەی فەرهەنگی نەتەوەییە و دوور کەوتنەوەیە لە هەر جۆرە بەلاڕێدا بردنێک کە دژمنانمان شاگەشکە بکات..