شیلان محەممەدی
شیلان محەممەدی
ڕاپەڕینی ۲۲ی ڕێبەندانی ۱۳٥·ی ک خ، بە بەشداری زۆربەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا تواندرا سیستمی پاشایەتی لەسەر کار لابرێ و بەستێن خۆشکرا بۆ هاتنە سەرکاری نیزامێکی نوێ کە دواتر بەداخەوە بارودۆخەکە لەلایەن خومەینی و دەست و پێوەندەکانیەوە کۆنترۆڵ کرا و رژیمی ئاخوندی دەسەڵاتی گرتە دەست. خومەینی بە سواربوونی شەپۆلی هەستی جەماوەر و بە دروشمی بریقەدار و بەڵێنی درۆ بەخەڵک توانی دەسەڵات بگرێتە دەست و دەسکەوتەکانی ئەو ڕاپەڕینە مەزنە بە تاڵات ببات.خومەینی لە یەکەم قۆناغەکانی هاتنە سەرکاری و گرتنە دەستی دەسەڵات لەو وڵاتەدا، کەوتە وێزەی خەڵک و ئەو نەتەوانەی کە لەو وڵاتەدا بوونیان هەبوو، وە بە پلەی یەکەم نەتەوەی کورد و بەتاوان و بیانوی جۆراوجۆر، هەوڵی بەژێردەستە هێشتنەوەی کوردی دا و سەرەتا بە درۆ و چاوبەستی دانووستان و شاندی وتووێژکەر ویستی کورد بە چەند درۆی زریقەدار کۆنترۆڵ بکات و کۆتایی بە خەباتەکەی بێنێ، بەڵام کە زانی کورد پاروێک نیە وا بەئاسانی بتوانێ قووتی بدا ئینجا هەوڵی بە ئاشکرا لەناوبردنی ئەو نەتەوەی دا و بەکافر لەقەڵەم دانی کورد و بە دەرکردنی فەرمانی جیهاد کەوتە قەتڵ و عام و کوشتن و لەداردانی هەزاران گەنج و پیرو شۆڕشگێر و تێکۆشەری کورد. گەلی کورد لەو کاتەوە وەک گەلێکی ژێردەستە و بێ هیچ جۆرە مافێک و لە ژێر سێبەری قورسی روانگەی ئەمنیەتی تەعاموڵی لەگەڵ دەکرێ و رۆژانە ستەم و زوڵمی لەراست پەیرەو دەکرێ. لەماوەی چل ساڵی دەسەڵاتی ئاخوندی زاڵ بەسەر ئێراندا، کوردی ئەو پارچەیە بە بەردەوامی لە خەبات و تێکۆشاندا بووە، و ئەحزابی کوردی خەباتێکی بەرفراوانی فرەرەهەندیان بەرەو پێش بردووە. لە ماوەی ئەو خەباتە دوورودرێژەدا رێگەی ئاشتی و هەوڵ دان بۆ دانووستان لە لایەن ئەحزابێکەوە هەمیشە تاقی کراوەتەوە و بەداخەوە هەموو جارێک لەگەڵ شکست و زەربەی قورس روبەروو بوونە. هەوڵی بەردەوامی ئەحزاب بۆ دانوستان و ئاشتی لەگەڵ رژیمی ئاخوندی، بە کوشتنی رێبەران و کەسانی دانوستان کار وەڵام دراوەتەوە. رژیمی ئاخوندی هەر لە سەرەتاکانی هاتنەسەر کاری، سیاسەت و بەرنامەی ئاشتی بەرامبەر بە کورد درۆیەک زیاتر نەبوو تا ئێستاش جاروبار لەو فریو و درۆیە بۆ هەڵخەڵەتاندنی بیرورای گشتی جیهانی و ناوخۆیی بە کار دەهێنێ. وەگەڕخستنی ماشێنی ترۆر و ترۆرکردنی سەرکردە و ڕێبەرانی کورد، موشەکبارانکردنی بارەگای حیزبی، گرتن و ئێعدامکردنی ڕۆڵەکانی کورد بەتاوانی کورد بوون، گێرەشێوێنی و دەیان سیاسەتی جینایەتکارانەی تر لەو کاتانە دا بەرێوەچوونە کە دەنگۆی دانووستان و وتوێژ لە ئارادا بووە. ئەوەی جێگەی باسە هەمان سیاسەت لەسەر ئاستی جیهانیش لە لایەن ئاخوندانەوە پەیرەو کراوە و ساڵیانێکی زۆر جیهان بە درۆکانی رژیم هەڵخەڵەتاون و ئەو دەسەڵاتە لەو ڕێگەوە کاتی بۆ بردنە پێشەوەی بەرنامە مەترسیدارەکانی کڕیوە. بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشیە لە ئاستی نێونەتەوەیی رژیم ماهیەتی دەرکەوتووە و بەتەواوی پەراوێز خراوە، کۆدەنگی و یەکگرتوویی جیهانی لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی لەدژی ئەو دەسەڵاتە خوێنڕێژە پێک هێنراوە، و گەیشتۆتە قۆناغێک کە لە هەر وتە و کردارێکی رژیم بە چاوی گومانەوە دەرواندرێ. بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستیانە و وەبیرهێنانەوەی مێژووی چوار دەیەی پڕاوپڕ لە سەرکوت و قڕکردنی ئەو نیزامە، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە ئەحزابی کوردی ڕێگەکاری گونجاوتر و شیاوتر بۆ خەباتکردن دژی ئەو دەسەڵاتە بگرنە بەر و میکانیزم و ستراتیژی نوێ داڕێژنەوە، ئەمەش بە چەندین هۆکار و پێویستی گرنگ و حەیاتی بۆ خزمەتکردن بە خەباتی ڕەوا و بەرحەق و پیرۆزی گەلی کورد و پاراستنی پیرۆزی و گەورەیی ئەو خەبات و تێکۆشانە نەپساوەیە. لەم قۆناغەی ئێستادا خەڵکی ئێران و کوردستان بەگشتی پێیان ناوەتە قۆناغێکی نوێ لە خەبات و تێکۆشان و وێستانەوە لەبەرانبەر دەسەڵاتی نگریسی ئاخوندانی زاڵ بەسەر ئەو وڵاتەدا، ئەمەش بەچەندین هۆکار وەکØ› ئاگا بوون و هۆشیاربوونەوەی زیاتری خەڵکی ئەو وڵاتە و هەڵوێست گرتنی بەردەوام لەبەرامبەر ئەو سیستمە و زوڵم و زۆر و سەرکوتەکانی شاهێدین، بە بەردەوامی سەرهەڵدان و نارەزایەتی روودەدا و دروستبوونی قەیران و کارەسات و نەهامەتیە یەک لەدوی یەکەکان دۆخی دەسەڵاتی زیاتر خراپ کردووە و دوورە دیمەنێکی ڵێڵی بۆ دەسەڵات بەرهەم هێناوە. خەبات و تێکۆشان لەبەرانبەر هەر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆردا پێویستی بە هاوکاری و تەبایی نێوان خەڵک و ئەحزاب هەیە، هەر یەکەیان بەجۆرێک و لەلای خۆیەوە دەبێتە هۆکار بۆ سەرکەوتن و بەگژداچوونەوەی دەسەڵات و سیستم، واتا خەڵک و ئەحزاب تەواوکەری یەکترن لە بە ئامانج گەیاندنی هەدەف و ویست. نە حیزب دەتوانێ بەبێ پشتیوانی و بەدەست هێنانی خۆشەویستی خەڵکەکەی بە ئامانجی بگات، و نە خەڵکیش دەتوانن بەبێ پشتیوانی و ڕێنیشاندەری حیزب و تێکۆشەران بەسەر زوڵم و زۆردا زاڵ ببن. هەربۆیە هەرچی ئەحزابی کوردی هەیە بەرپرسە لەبەرامبەر خەڵکەکەیدا لەپێوەند بە هەر هەڵوێست و ستراتیژی ومیکانیزمێکی کاری کە دەیگرێتە بەر و پێویستە و دەبێ بە وریاییەوە هەنگاو هەڵگرێ لەبەرانبەر بارودۆخ و ڕووداوەکاندا. پێویستە و دەبێ لەپێناو بەئامانج گەیاندنی هەدەفەکانی بزوتنەوەی گەلی کورد، بە دوور لە ئینتمای حیزبی و لەبەرچاوگرتنی قازانج و بەرژەوەندیە شەخسیەکان کاربکرێت بۆ عەمەلی کردنی هەرچی زووتری دروشمی ڕووخان و لەناوچوونی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندی ئێران و سەرکەوتنی خەباتی کورد.