خەباتمێدیا: ڕاگەیاندنە دەوڵەتیەکانی سووریە دەڵێن شەوی دوو شەممە ڕێکەوتی 15ی بانەمەڕ، ئیسڕاییل ناوەندێکی لێکۆڵینەوە و پایەگایەکی نیزامی لە پارێزگای حەڵەب لە سوور
خەباتمێدیا: ڕاگەیاندنە دەوڵەتیەکانی سووریە دەڵێن شەوی دوو شەممە ڕێکەوتی 15ی بانەمەڕ، ئیسڕاییل ناوەندێکی لێکۆڵینەوە و پایەگایەکی نیزامی لە پارێزگای حەڵەب لە سووریە بەهێرشی مووشەکی بۆردومان کرد. لە دوو حەوتوی ڕابردوو دا ئەمە پێنجەمین جارە کە ئیسڕاییل هێرشی کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی ڕژیمی ئێران لە سووریە.
بەڵام هەواڵدەری سووریە باسی لەوە کردووە کە پەدافەندی هەوایی ئەم وڵاتە لە ئەلسەفیر لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای حەڵەب ڕوو بە ڕووی هێرشەکانی ئیسڕاییل بوونەتەوە، و لە ئێستادا بەدوادا چوون بۆ پێش بینی و زیانەکان دەکرێت.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری ڕویتێرز،گرووپی سەرپەرەستی مافی مرۆڤی سووریەش هەواڵی لەوە داوە کە فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسڕاییل لە ڕۆژهەڵاتی سووریە لە ناوچەی ئەبو کەمال لە نزیکی سنووری عێڕاق هێزەکانی ڕژیمی ئێران و هاوپەیمانەکانی ئەو وڵاتەیان بۆردومان کرد و هەتا ئێستا خەسارەتی ئەو هێرشانە بڵاو نەبووەتەوە.
ناوەندە ئیتلاعاتیەکانی ڕۆژئاوا و ئیسڕاییل باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی ڕژیمی ئێران و هێزە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە لە بیابانەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریە کە هاو سنووری عێڕاقە بۆ گواستنەوەی هێزە چەکدارەکان و چەک و چۆڵی پێشکەوتوو بۆ پشتیوانی لە حکومەتی سووریە و حیزبوڵڵای لوبنان کەڵک وەردەگرن.