سەروەری گەل: شەهید عیزەت قادری
سەروەری گەل: شەهید عیزەت قادری
ڕاستە ڕێبازی گەلان چەتوونە
بەڵام زۆرداریش ورەی زەبوونە
لووتکەی سەرکەوتن گەلێک دژوارە
ئەنجام ڕوخانی قەڵای زۆردارە.
لە مەودای خەباتی خوێناوی و ڕاپەڕینی درێژخایەنی گەلە بەشخوراوەکاندا تا بڕۆین دەبینین و دەبیسین کە چۆن ئەو مێشکانە خەریکن بە بیرکردنەوە لە ڕێبازی وەدەست هێنانی ئازادی زیاتر دەپڕژێن. وە خوێن ئەو خوێنانە کە ڕوون کەرەوەی ڕێگای پڕ هەڵدێر و هەوراز و نشێوی شۆڕشن، زیاتر دەڕژێن. جا کە دەڕوانینە ڕێگاو و ڕێبازی سازمانەکەمان کە تاقە ڕێگای کوردە بۆ ڕزگاری لە ژێر باری ستەمی چەند قاتی نەتەوایەتی و مەزهەبی و ئابووری و سیاسی، سازمانی خەبات هەر لەو کاتەوە کە هێشتا غونچەیەکی ناو پەروەردە بوو و بۆن و بەرامی خۆی کە مژدە دەری ڕزگارییە بڵاو دەکاتەوە و بە گەلی کورد ڕادەگەیەنێ و تەنانەت بوون و مافی خۆی بەوانە کە چاویان بە شەبەقی هەڵنایەت بسەلمێنێ. دەیان و بگرە سەدان ڕۆڵەی بە شەرەف و پاکی کردۆتە قوربانی ئەو ئامانجە کە گەلی کورد بەڕاستی تینوو و تامەزرۆیەتی. ئێمە لە یادی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی کە ئازایانە لە دژی لەشکری داگیرکەر و کورد کوژی خومەینی شەڕیان کردوەو شەهید بوون ڕێز دەگرین. چونکە خودای گەورە ڕێز دادەنێ بۆ ئەوانەی کە لە ڕێی نەتەوەکەیان شەڕیان کردووە و شەهید بوون و لە ڕیزی چاکانیان دادەنێ. مژدەی هەرە باشیان پێدەدا، وا ئێمەش لێرەدا یادی فیداکارێکی ڕێبازی ڕاستی کوردایەتی و گیانبازێکی گۆڕەپانی خەبات و نەتەوایەتی کوردستان هاوبیر و شەهیدمان کاک عیزەت قادری دەکەینەوە. شەهید عیزەت قادری کوڕی عەبدوڵڵا خەڵکی گوندی ( یاکوباوا).
کوردێکی ژیر و پێشمەرگەیەکی ئازا و دەست هەڵێن بوو. بوێرو چاونەترس و کورد پەروەر و خاوەن کەسایەتیەکی مەتین بوو، بیروباوەڕی کوردایەتی لە ناخیدا ڕیشەدار بوو.....
هەر لە هێرشی ڕژێمی خومەینی بۆ سەر کوردستان، چەکی شەرەفی لە شانکرد و وێڕای هەموو پێشمەرگەکان لە زۆربەی شەڕەکانی دژ بە ڕژیمی ئاخوندی لەکوردستان بە گژ زۆرداران دا چۆوە و حەماسەی خوڵقاند. شەهید عیزەت لە کاتێکدا سازمانی خەبات، ئیعلامی مەوجودییەتی کرد بەشانازییەوە خەتی سازمانی وەک بیروباوەڕی خۆی هەڵبژارد و زۆر بە توندی بە گژ نەیارانی سازماندا دەچۆوە و بەم بۆنەوە بوو بە خۆشەویستی هەموو پێشمەرگەکان.
بەڵام لە 18ی بانەمەڕی 1361 لە کاتی تەماسی بێسیم لەگەڵ بەشەکانی تری پێشمەرگەدا لە پشتی ( دارینە )ی سەرووی ناوچەی بانە لە لایەن جاشە خۆفرۆشەکانەوە بە دەستڕێژی نا پیاوانە شەهید کرا.
هەزاران سڵاو لە یادو ناوی شەهید عێزەت و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری کوردستان