پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

ڕۆڵ و کاریگەری لاوان لەریزەکانی سازمانی خەبات و رێکخراوی لاوان

ڕۆڵ و کاریگەری لاوان لەریزەکانی سازمانی خەبات و رێکخراوی لاوان
سارۆ حسێنی

لە سەرەتای باسەکەمدا بە پێویستی دەزانم پێناسێکی لاو، گرینگی ئەو قۆناغەی ژیانی و رۆڵی لە کۆمەڵگادا بکەم.

سارۆ حسێنی

لە سەرەتای باسەکەمدا بە پێویستی دەزانم پێناسێکی لاو، گرینگی ئەو قۆناغەی ژیانی و رۆڵی لە کۆمەڵگادا بکەم.

قۆناغی لاویەتی گرینگ ترین قۆناغی ژیانە کە مرۆڤ پێیدا تێدەپەڕێت، لەو قۆناغەدا کەسایەتیەکەی بەسەرەکیترین گۆڕانیدا تێدەپەرێت و ئەو گۆڕانەش نیشانەکانی بە پێگەیشتنی کەسایەتی دەردەکەون بە بەهرەمەندنبوون و ئامادەگی بۆ وەرگرتن و تێگەیشتنی زیاتر هەستی پێدەکرێت. 

دەوری سەرەکی لاوان لە پێشخستن و باشترکردنی باروودۆخی کۆمەڵگادا خۆدەبینێتەوە، لاوان رۆڵ دەبینن لە گۆرانکاری لە بارودۆخی ئێستای کۆمەڵگادا ئەویش لەرێگەی پێشرەوی کردن، داهێنان، نوێگەری و چاوەڕوانی سەرەکی لە لاوانە کە وەڵات پێشبخەن لە بوارەکانی سیاسەت، پەروەردە، تەکنەلۆژی و لە هەمانکاتدا پێویستە لاوان لە راستای ئەو پێشکەوتنانەش پارێزەری فەرهەنگی جوان و بەها بەرزەکانی کۆمەڵگابن.

جێگەی ئاماژەیە کە هێندێک کەس لە کۆمەڵگەی کوردەواری هەمیشە ترسیان لە گۆڕانە کۆمەڵایەتیەکان هەبووە بە پاساوی ئەوەی کە کۆمەڵگا بەرەو نادیار دەبات، بەڵام لاوان هەردەم دید و نیگایەکی جیاواز و تایبەت بە خۆیان هەبووە بۆ بەرێوەبردنی کۆمەڵگا و توانایی بەربەرەکانێ‌ و روبەڕوونەوەی کێشەکان و ئازایەتی و سەرلێدەرکردوویی لاوان هەمیشە کۆمەڵگای بۆ دۆخێکی باشتر ئاراستە کردووە.

تەندروست بوونی کۆمەڵگا پەیوەستە بە تەندروست بوونی لاوان، ئەم مێتودەش سەلمێنەری ئەوەیە کە لاوان داینەمۆ و هێزی سەرەکی جوڵێنەری کۆمەڵگان.

لاوان هەر لە سەرەتای دامەزراندنی سازمانی خەباتەوە دەور و کاریگەری سەرەکیان هەبووە لە سەرخستن و پێشخستنی سازمانی خەبات.

هەر لە رۆژەکانی سەرەتای بەرەنگاربوونەوەی رژێمی ئاخوندیدا لاوانی چاونەترسی ریزەکانی سازمانی خەبات بە لێهاتوویی و هێز و توانا رووبەروی دوژمن وەستانەوە و بە بیرتیژی و دانایی و پلانی تۆکمەی چەندین فەرماندەی لاو، وەک شەهیدی فەرماندە کاک سەید عبدالکریم حسێنی، شەهیدی فەرماندە کاک تەها رۆحی، شەهیدی فەرماندە کاک خالید حەسەن نژاد، شەهیدی فەرماندە کاک عەتا قادری و دەیان فەرماندەی لاوی دیکە هەمیشە لەرزێنەر و روخێنەری قەڵای دوژمن بوون.

لاوانی ریزەکانی سازمان لە تێگەیشتوویی سیاسی و دووربینی و بیرمەندی نموونە بوون و لە نوێگەری و بەرەوپێشچوونی سیاسەت و بەرنامەکانی سازمان دەوری کارایان هەبووە.

جێگەی باسە کە لە درێژەی پێشکەوتنەکانی سازمانی خەبات و دامەراندنی ئۆرگانی راگەیاند و دواتریش رادیۆ دەنگی خەبات، لاوان بە بیری سەردەمیانە، لێهاتوویی لە دەربڕین، نوسین و رەوانی لە قسەکردن و ووتاردان لەو ئورگانانە چالاکانە بەشداربوون و رۆڵی سەرەکیان گێرا.

خۆشبەختانە بە بەرەو پێشچوونی زیاتری سازمانی خەبات و بە بەرنامە و پەیڕەوی سەردەمیانە و بە بوونی مامۆستا و زانا و رێبەرمان، مامۆستا سەید جەلال حسێنی کە هەمیشە پشت و پەنای لاوانی ریزەکانی سازمان بوو، مەیدانێکی فراوانی کار و چالاکی بە رووی لاواندا کرایەوە و ئەمجارە لە ریزەکانی سەرکردایەتی و رێبەرایەتی سازمانی خەبات لاوان بە بیری سەردەمیانە خۆیان خستە خزمەت بەرژەوەندیەکانی سازمانی خەبات و دڵ گەرمتر و چالاکتر خۆیان تەرخان کرد.

هەر لە درێژەی پێشکەوتنی بێکۆتایی سازمانی خەبات و هەستکردنی زیاتر بە گرینگی و دەوری سەرەکی لاوان و بە پێشنیاری بەرێز کاک بابەشێخ حسێنی سکرتێری گشتی سازمانی خەبات، لاوانی چالاکی ریزەکانی سازمان خەبات جارێکی تر بە بەرنامە و پەیڕەوپرۆگرامی سەردەمیانە هاتنەوە مەیدان و لە 11 ی بانەمەری 1390 رێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێرانیان دامەزراند، ئەم هەنگاوەش سازمانی خەباتی بۆ قۆناغێکی زێرین لە خەبات و تێکۆشان گواستەوە.



رێکخراوی لاوان بووە مینبەرێک بۆ گەیشتنی زیاتری دەنگی لاوان و ئامرازێک بۆ زیاتر وەپێشچوون و وەدیهێنانی خەون و ئاواتەکانی لاوانی کوردستان بە گشتی و لاوانی ریزەکانی سازمانی خەبات و رێکخراوی لاوان بەتایبەتی.

رێکخراوی لاوان خەبات تێکۆشان و خەباتی لاوانی بۆ سەردەم و قۆناغێکی گەشەسەندوتر گواستەوە و بەبەستنی چەندین کۆڕ و کۆبوونەوە لە راستای پەروەردەکردن و بەرەسەربردنی ئاستی زانیاری لاوان و بەستن و بەشداری چالاکانە لە چەندین کۆنفرانسی گەورە و بەرچاو لە خزمەت زیاتر بەرەوپێشچوونی بارودۆخ و پێگەی لاوان لە کۆمەڵگادا درێژەی بە خەبات دا.

شتێکی روون و ئاشکرایە کە پێگەی لاو لە ناوخۆی کوردستان لە دۆخێکی نالەبار و نەخوازراودایە و رۆژ بە رۆژ بۆ خراپتریش دەڕوات، چونکە رژیم بە هەستکردن بە دەور و پێگەی لاوان لە خەبات و ترس لە تێگەیشتوویی و کرانەوەی لاوی کورد بە رووی دونیادا کە کاریگەری راستەخۆی لەسەر پایە لەرزۆکەکانی دەسەڵاتەکەی دەبێت و بەرەو لەناوچوونی دەبات، هەوڵ دەدا لە رێگەی مۆرەکانیەوە بە پلانە دزێوەکانی کار بۆ کەم هێزکردن و لەناوبردنی لاوی کورد بدا. دەسەڵاتدارانی رژیمی ئێران لە رێگەی ئیعدام، تیرۆر، زیندانی کردن، گیرۆدە کردن بە ئیعتیاد، لەناوبردنی کەسایەتی، تەجاوزکردن، دورخستنەوە لە خوێندن و فێربوون، بێکارکردن و زۆر رێگە و شێوازی تریش هەوڵەکانی بۆ لە باربردنی توانای لاوان درێژە پێ‌ دەدا. بەڵام خۆشبەختانە بەرنامە و پلانی نەگریسی رژێم هەرگیز رێگرنەبووە لە چالاک بوون و بەردوام بوونی لاوان لە خەبات.

 نموونەی ئەوبەردەوامییەی لاوانیش خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی ئەم چەند مانگی پێشووی ناوخۆی وەڵات بوو کە لاوان دەوری باڵایان تێداگێراو لەرزیان خستە دڵی دەسەڵاتدارانی رژێمەوە.

هەر لە درێژەی باسی بەردەوامی و چالاکی لاوان، بەباشی دەزانم کە سوپاسی لاوانی خوێنگەرمی ناوخۆی وەڵات بکەم بۆ ئەو چالاکیە کەم وێنانەیان کە شار بە شار و دێ‌ کانی کوردستان پشتگیری کردنیان لە سازمانی خەبات لە رێگەی دروست کردنی فیلم و بڵاوکردنەوەی لە سۆشیاڵ میدیاکاندا دەربڕی.

لە لایەکی دیکەوە پەیوەست بوونی پۆل پۆلی لاوانی خوێن گەرمی کوردستان بە ریزەکانی سازمانی خەبات و رێکخراوی لاوان و بەردەوامیان لە خەبات و تێکۆشان، دەرخەری ورەی پۆڵایین و چاونەترسیانە و هەڵبژاردنی رێبازی پیرۆزی سازمانی خەبات و رێبازی شەهیدان نیشانەی تێگەیشتوویی و بیری سەردەمیانەیانە.

لە کۆتایدا دەبێت ئاماژە بەوە بکەم کە ئەم قوناغ و سەردەمە لە خەبات و تێکۆشان کەپێ گەیشتوین و دید و بەرنامەی ئەورۆیانەی سازمانی خەبات و رێکخراوی لاوان، چاوەروانی بەشداری و چالاکی زیاتری لاوانی لە برەودان و بەرەوپێشچوون و دێژەدان بە خەبات و تێکۆشان زیاترکردوە.

پێویستە لاوانی ریزەکانی سازمانی خەبات و رێکخراوی لاوان بە تێگەیشتن لە گرینگی ئەم قۆناغە هەستیارە، زۆر چالاکانەتر بێنە پێش و بە خوێندنەوە و فێربوون، بردنەسەری ئاستی زانیاری و ئاگابوون لە پرسەکانی رۆژ، چاودێری کردنی پێشهاتەکان، چالاکی مەدەنیانەی زیاتر، بەشداری کردن لە کۆر و کۆبوونەوەکان وەڵامدەرەوەی پێویستیەیاکانی ئەم قۆناغەبن.

هیوادارم کە سازمانی خەبات و رێخکراوی لاوان چالاکتر و زیاتر بەردەوام بن و بەبەستنی کۆڕ و کۆبوونەوەی بەرهەمدار و بەرنامە و پرۆگرامی پەروەردەیی سەردەمیانە لە راستای بەرەوسەربردنی ڕادەی زانیاری و تێگەیشتوویی و بەرەوپێشبردنی بارودۆخی لاوانی ریزەکانی سازمانی خەبات و رێکخراوی لاوان هەوڵ بدەن و بە سوود وەرگرتن لە وزە و توانای لەبن نەهاتووی لاوان و ئەزموونی تێکۆشەرانی لە مێژینەی سازمان بۆ هەرچی زووتر گەیشتن بە ئامانج و ئاواتی لەمێژینەی نەتەوەکەمان زیاتر تێ‌ بکۆشن.


5 ساڵ و 10 مانگ و 19 ڕۆژ و 21 کاتژمێر و 7 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

ڕۆڵ و کاریگەری لاوان لەریزەکانی سازمانی خەبات و رێکخراوی لاوان

ڕۆڵ و کاریگەری لاوان لەریزەکانی سازمانی خەبات و رێکخراوی لاوان



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن