جەعفەر بەهرامی
جەعفەر بەهرامی
ژنان نیوەی کۆمەڵگەن بەڵام بەردەوام هەوڵ دراوە بۆ کەم رەنگ کردنەوەی رۆڵ و نەقشی ئەو تووێژە گرینگە لە کاروباری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی. هەر چەند ئەم هەڵسوکەوتانە لە حاست ژنان لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە جیابووە، بەڵام ئەوندە روونە لە هەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هەتا پێش ئاڵووگۆرە ئابووریەکان و بەتایبەت رێنسانس لە ئوروپا و ئەمریکا ژنان بە شێوەیەکی بێ بەزەییانە تووشی چەوسانەوەو بێ مافی دەبوون. ژنان لەلایەن تاجرەکان و دەڵاڵەکان و کەسانی هەلپەرەست ئاڵوگۆڕ و کڕین و فرۆشتنیان پێوە کراوە و وەکوو کۆیلە و بوونەوەیەرێکی بێ ماف کەڵکیان لێ وەرگرتوون.
لە دوای پێشکەوتنی پیشەسازی و رێنسانس لە وەڵاتانی رۆژئاوایی، وردە وردە ژنان واریدی کەرتی ئابووری بوون و لە دوای ئەوەش رێگەیان بۆ بەشی سیاسی و کۆمەڵایەتی پێ درا و توانیان بە هەوڵ و ماندووبوونی زۆر کاریگەری لەسەر کۆی پرس و بابەتەکان دروست کەن و مافە زەتکراوەکانیان قۆناغ بە قۆناغ بەدەست بێنن.
لە ئێستاشدا وەک هەموو لایەک شاهیدن ئەو پێشکەوتووییانەی وەدەست هاتوون بوونە هۆی ئەوەی ژنان لە بریارە چارەنووسسازەکانی وەڵاتان دەور بگێڕن و لە چەندین وەڵات نەقشی رێبەرایەتی کردنیان وەئەستۆ گرتووەو مێژوویەکی زێرینیان تۆمار کردووە.
ئەوەی مەبەستی بابەتەکەی منە ئەوەیە کە هێشتاش لە هەندێک لە وڵاتانی ئاسیایی و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بێ مافی و چەوسانەوەی ژنان بەشێوەیەکی بەرچاو لە ئارادایە، لە وەڵاتانی ئەفغانسان، پاکستان و ئێران رەگەزی مێینە لەگەڵ چەندین دیاردەی هەژێنەری وەک بەزۆر بە شوودان، گەورە بە بچووک و ژن بە ژنە دەبنەوە یان ئەوەی کە لە تەمەنی ژێر پازدە ساڵ لە بازارە تایبەتەکاندا سەودایان پێوە دەکرێ.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخونداندا ژنان وەکوو کەرەستەیەک بۆ خزمەتی پیاو چاوی لێدەکرێ، بەپێی قانوونی ئەو دەسەڵاتە دوو ژن بە یەک پیاو حیساب دەکرێت. ژنان ناتوانن لە بریاری سیاسی وەڵاتدا دەوریان هەبێ و بەگشتی ئاخوندان ژن بە بوونەوەرێکی نوقستان کە توانای بریاردانی لە هیچ بارێکدا نیە، پێناسە دەکەن. ئەو خوێندنەوە نا ئینسانیەی ئاخوندانی دواکەوتوو لە حاست ژنان دۆخێکی بۆ ژنان خولقاندووە کە ئەو تووێژە گرینگەی کۆمەڵگەی ئێران زیاتر لە هەر سەردەمێکی دیکە تووشی گرفت و تەنگ و چەڵەمەی جیددی بن، ئەوەش کارێکی کردووە لە خەسارە کۆمەڵایەتیەکاندا ئافرەتان بەرزترین پلە تۆمار بکەن. بۆ وێنە ئاماری خۆکوژی ژنان لە ئێران و کوردستان تا دێ زیاتر دەبێ. کەم رۆژ هەیە هەواڵ و راپۆرتی تایبەت بە خۆکوژی ژنان لە شار و ناوچە جیاجیاکان نەبیستین.
هاوتەریب لەگەڵ چەوسانەوەی سیستماتیکی دەسەڵاتی زاڵ بە سەر ئێران، بەداخەوە کەلتووری پیاو سالاری و بە سوننەتی هێشتنەوەی کۆمەڵگەی ئێران، بارگرانی زیاتری بۆ ژنان ساز کردووە. وەک دەبینین دۆخی ژنان لە کۆمەڵگەی ئێران بەردەوام قەیراناوی، ناخۆش و حەستەمتر دەبێ.
هەر بۆیە باشترین رێگە بۆ دەربازبوون لە کۆی قەیرانەکان و بەتایبەت قەیرانی سیاسی و دەسەڵاتی ئاخوندان لە ئێران کە سەرچاوەی زۆربەی کێشە و قەیرانەکانە، پێویستە ژنانی ئێران و کوردستان هاوشان لەگەڵ چین و تووێژەکانی دیکە لە خەبات بۆ روخانی رژیمی ئاخوندان، هاتنەدیی فەزایەکی ئازاد، دەسەڵاتێکی دادپەروەر و یەکسانیخواز دەوری خۆیان بگێرن.